پەرتووکی "گۆتنێن پێشییان" 50 هەزار پەندی تێدایە

 
رووداو دیجیتاڵ

پەخشانگەی سیتاڤ لە باکووری کوردستان پەرتووکی "گۆتنێن پێشییان"ـی لە چوار بەرگدا بڵاوکردەوە کە 50 هەزار پەندی لە خۆ گرتووە.
 
پەرتووکی "گۆتنێن پێشییان" لەلایەن محممەد ئۆنجە، نووسەر و لێکۆڵەرەوە ئامادە کراوە و پەخشانگەی سیتاڤیش بڵاوی کردووەتەوە. 
 
پەخشانگەی سیتاڤ پەرتووکێکی چوار بەرگیی لەسەر پەندی پێشینان و قسەی نەستەق بە ناوی "گۆتنێن پێشییان" بڵاوکردەوە کە 50 هەزار پەند و قسەی نەستەقی لە خۆ گرتووە. هەر بەرگێک 1214 بۆ 1248 لاپەڕەیە کە دەکاتە نزیکەی پێنج هەزار لاپەڕە. ئەم کارە بە گەورەترین و فراوانترین فەرهەنگی پەندی پێشینان و قسەی نەستەق دادەنرێت.
 
قاهر بەیاتی، خاوەنی پەخشانگەی سیتاڤ لە بەرنامەی "هەلەو کوردستان"ـی رادیۆی رووداو بەشدار بوو و باسی بەشداربوونیانی لە پێشانگەی کتێب لە سلێمانی و بەرهەمی "گۆتنێن پێشییان"ـی کرد.
 
قاهر بەیاتی ئاماژەی بەوە دا کە محەممەد ئۆنجە خۆی نزیکەی 30 هەزار پەندی پێشینیانی دەم بە دەم بیستووە و تۆمار کردووە. ئەو بەرهەمە ئەنجامی هەوڵی 33 ساڵی ئۆنجەیە.
 
قاهر بەیاتی دەڵێت: "ئێستا 15 بەرهەمی دیکەی ئۆنجە لە بواری فۆلکلۆری کوردیدا لە بەردەستی ئێمەدان. هەروەها ئێستا لەسەر کەسایەتییە مێژووییەکانی کورد دەستی بە نووسینی رۆمان کردووە."
 
باتەیی ئاماژەی بەوە دا کە پەندی پێشینان و قسەی نەستەقی هەر چوار پارچەی کوردستان تۆمار کراون، بەڵام زۆربەی پەندەکانی نێو پەرتووکەکە هی ناوچەکانی شرناخ، ئامەد، سەمسوور، مەڵەتی و روهان، چونکە نووسەری پەرتووکەکە ماوەیەکی زۆر لەو ناوچانەدا ماوەتەوە و لێکۆڵینەوەی کردووە.
 
پەندەکانی پێشینان لە پەرتووکەکەدا بە گوێرەی بەشەکانیان جیا کراونەتەوە؛ بە گشتی لە 235 بەش پێک دێت، وەک پەندی پێشینان لەسەر ژنان، پەندی پێشینان مەردایەتی، قسەی خۆش و نەستەق.
 
باتەیی ئەوەی خستەڕوو کە لە پەرتووکەکەدا چیرۆکی زیاتر لە دوو هەزار پەندی پێشینان هەن و ئەو چیرۆکانەش بەرهەمەکەیان دەوڵەمەندتر کردووە و، لە بەرهەمەکەدا زیاتر لە چوار هەزار وشە کە زۆرینە مانایان نازانن، ئەوانیش فەرهەنگۆکیان بۆ کراوە و مانایان لێکدراوەتەوە.
 
خاوەنی پەخشانگەی سیتاڤ باسی لەوە کرد، ئەو بەرهەمە لەسەر داخوازی بۆ هەرشوێنێکی جیهان دەنێرن و هۆگرییەکی باشیش بۆ بەرهەمی پەندی پێشینیان هەیە و، بەتایبەت کوردانی رۆژئاوای کوردستان لە وڵاتانی ئەوروپا زۆر داوای پەرتووکەکە دەکەن.
 
قاهر بەیاتی ئاشکرای کرد کە لە زۆر پەندی پێشینیاندا رێزێکی زۆر بۆ ژن دانراوە، بەڵام لە هەندێک پەندی پێشینیاندا ژن بە کەم زانراوە و گوتی: "کاتێک سەیر دەکەیت، لە پەندی پێشینیانی زەردەشتی، یارسانیدا بەکەمزانینی ژنان نییە. پەندی پێشینیان لەبارەی بەکەمزانینی ژنانەوە دوای ئیسلام لە رێگەی فەرهەنگی عەرەبەوە ئاوێتەی فەرهەنگی کوردان بووە. لە فەرهەنگی دێرینی کورداندا بەکەمزانینی ژنان نەبووە و بە پێچەوانەوە ژن رێزێکی زۆری هەبووە. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژووی فەرهەنگی کوردی، دەبینین کە ژن پێشەنگە و کۆمەڵگە بەڕیوەدەبات. ئەو فەرهەنگە تاوەکو ئەمڕۆیش هاتووە. ئێستا ئەگەر شەڕ لەنیوان عەشیرەتەکاندا هەڵبگیرسێت، ئەگەر ژنێک بچێت بکەوێتە نێوانەوە و سەرپۆشی سەری لێ بکاتەوە، ئەو شەرە رادەگیرێت. ئەوە نیشانی دەدات کە کۆمەڵگەی کوردان رێز لە ژن دەگرێت."