لە رێوڕەسمی بە خاکسپاردنی خەتەر هەوادارانی ستایشی نیشتمانپەروەری و میهرەبانیی دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
ژیوار حەجابی، ئەفسانەی میوزیکی راپ کە لە ئەڵمانیا کە بە "خەتەر" ناوبانگی دەرکردبوو، 9ـی ئەم مانگە لە تەمەنی 43 ساڵیدا ماڵئاوایی لە ژیان کرد، لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی خەتەر لە شاری بۆنی ئەڵمانیادا، پڕۆفیسۆر ئیقبال حاجیبی و غەزال پاکسەرەشت، دایک و باوکی هونەرمەند، لە نێو ئاپۆرای بەشداربووان بینران کە بۆ کۆچی ناوەختی کوڕەکەیان دەگریان.
کەسایەتییەکان و نزیکانی، لە کاتی ناشتنیدا یاد و بیرەوەرییەکانیان لەگەڵ ژیوار حەجابی (خەتەر) دەگێڕایەوە. مرۆڤگەلێکی فرەچەشن لە رەنگ و رەچەڵەک و نەتەوە جیاوازەکانەوە هاتبوونە سەر مەراسیمەکە، کە ئەمەش دەرخەری خۆشەویستی و وەفاداری بەرامبەر بەم هونەرمەندە ناودارە کوردستانی و ئەڵمانییە بوو.
غەزال پاکسەرەشت، دایکی خەتەر، بە چاوی پڕ لە ئەسرینەوە لەکاتی ناشتنی کوڕەکەی رووداوی گوت "کوڕەکەم پێیدەگوتم دایکە هەندێک گۆرانیبێژ پێم دەڵێن پەیوەندیم هەیە لەگەڵ ئەڵمانەکان، لەکاتێکدا من ئەو کەسەم کە ئەوانم گەورە کرد و هەموویان بوونە ملیۆنێر".
پڕۆژەی ناتەواوی خەتەر بۆ کوردستان
دایکی خەتەر ئاشکرایکرد، کوڕەکەی خاوەنی پڕۆژەیەک بووە بۆ هونەرمەندانی کورد "نەخشەم ئەوە بوو کە ئەو تەکنۆلۆژیایە بۆ ئەوانیش دابین بکەم، ئەوە پڕۆژەکەی بوو، زۆر هەوڵی دا تاوەکو بیگەیەنێتە ئەنجام، ئەوان گۆرانیبێژ و هونەرمەندی باشن، بەڵام لەڕووی داراییەوە لاوازن و من هاوکارییان دەکەم، نازانم بۆچی خودا وای ویست و نەیهێشت ئەو پڕۆژەیە سەر بگرێت، چونکە بڕیار بوو سێ مانگی دیکە بگاتە هەولێر".
خەتەر پێشتر لە بەرنامەی دیاسپۆرا بەمجۆرە باسی کوردستانی کردبوو "کاتێک من هێشتا لاو بووم، وەک کوردێک پەروەردە بووم، لە ماڵەوە تەنیا بە کوردیقسەمان دەکرد و فارسیم نەدەزانی، کاتێک هاتمە ئێرە دەمبینی خەڵکانێک دەترسان بڵێن کوردن، دەیانگوت تورکین، جۆرێک قەیرانی شوناس هەبوو لێرە لەنێو گەنجە کوردەکاندا".
کاریگەریی لەسەر کۆمەڵگای کوردی ئەڵمانیا
پەروەر عەلی، یەکێک لە هاوادارانی خەتەرە بە دڵتەنگییەوە بە رووداوی گوت "بەڕاستی رۆژێکی ئێجگار ناخۆشە بۆ گەنجێکی ئاوا چاک، گەنجێکی کورد، بەڕاستی خەتەر ئێمەی کوردی بە ئەڵمانیا ناساند، ئێمە بەهۆی خەتەرەوە دەمانتوانی بە شانازییەوە بڵێین کوردین".
محەممەد رۆستەم، لە لایەنگرانی خەتەرە لەکاتی ناشتنی ئامادەبوو و گوتی "شتێکی زۆر باشی تێدا بوو، بەناوی مرۆڤایەتی، بەناوی ئاکار، بەناوی ئایین و رەوشت، کەسێکی روون و پاک بوو، خودا بیبەخشێت، ئێمە دەڵێین کاری دەکرد بەناوی کورد و کوردستان، بەناوی زمانی کوردی، رەحمەت و ئاشتی بۆ گیانی".
خدر حەمۆ، یەکێکی دیکەیە لە هەوادارانی خەتەر و باسی لەوە کرد "ماڵ بە ماڵ، دەرگا بە دەرگا دەگەڕا لێرە لە مونشن، هاتووە بۆ لای ئێمە و هاتووە بۆ لای گشت خەڵک، هەموو هەوڵێکی داوە تەنیا بۆ ئەوەی یارمەتی منداڵە بێسەرپەرشتەکان بدات".
خزمەتەکانی خەتەر بۆ قوربانیانی شەڕی داعش
خەتەر تەنیا لە ئەڵمانیا چالاک نەبووە، بەڵکو لە کوردستانیش پڕۆژەی گرنگی جێبەجێکردووە، پەروەر عەلی، ئاماژەی بەوە کرد، خەتەر بە شایەتی دنیا و قیامەت یارمەتی منداڵانی "ڤیژن هاوسی" داوە، لەو شوێنە نیشتەجێبوونە کە منداڵانی باوک و دایکیان شەهیدبوونە.
پەروەر باکۆ، هاوڕێ و دامەزرێنەری یەکێک لە پڕۆژەکانی خەتەر، باسی خزمەتگوزارییەکانی ئەم هونەرمەندەی بۆ ئێزیدییەکان کرد و گوتی "دوای پەلاماری داعش بۆ سەر شنگال، خەتەر پشتیوانییەکی بەرچاوی کردین و دەنگی ئێمەی بە سەرانسەری ئەڵمانیا بڵاوکردەوە و هاواری ئێمەی گەیاندە هەمووان، هەروەها ئەو قوتابخانەیەکی بۆ منداڵان لە خانکێ بنیات نا، بەگشتی یارمەتییەکی زۆری ئێزیدییەکانی دا".
خەتەر، هونەرمەندێک بوو کە ناسنامەی کوردی بەرز راگرت و بووە مایەی شانازی بۆ کوردی ئەورووپا، کۆچکردنی ئەم هونەرمەندە زیانێکی گەورەیە بۆ کۆمەڵگە و هونەری کوردی.