ئەو دوو خوشکە کوردەی لە فێستیڤاڵی کان دەرکەوتن قسە بۆ رووداو دەکەن


رووداو دیجیتاڵ

دوو خوشکی کورد بە ناوەکانی راشان و خێلان، بۆ دووەم جار بە فەرمی بانگهێشتی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان لە فەرەنسا کراون. ئەوان دەڵێن، ئەمساڵ ئامادەیی کورد لە ڤیستیڤاڵەکە دا زۆر زیاترە و پێگەی زیاتر بە دەنگە جیاوازەکان دراوە.
 
سەبارەت بە شێوازی بەشداریکردنیان لەمساڵ دا، راشان و خێلان لە لێدوانێکی تایبەتدا بە تۆڕی میدیایی رووداویان راگەیاند: "زۆر دڵخۆشین کە ئەمساڵیش بەشداری لە فێستیڤاڵی فیلمی کان دەکەین. ئێمە بە فەرمی بانگهێشت کراوین، ئەوەش شەرەفێکی گەورەیە بۆ ئێمە وەکو دوو کچی کورد. نوێنەرایەتیکردنی کولتوور و ناسنامەکەمان لەسەر ستەیجێکی نێودەوڵەتیی لەو شێوەیە، مانایەکی زۆری بۆ ئێمە هەیە."
 
لەبارەی ئامادەیی بەرهەم و کەسایەتییە کوردەکان لە فێستیڤاڵەکەدا، ئەو دوو خوشکە ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەمساڵ کوردستان زۆر زیاتر ئامادەیی هەیە. ئەوان دەڵێن: "دەتوانیت رووخساری کوردیی زیاتر ببینی، هەروەها سەرنجی زیاتر خراوەتە سەر بەرهەمە کوردییەکان و بەگشتی نوێنەرایەتییەکی بەهێزتر هەیە. ئەمەش وایکردووە ئەمساڵ بۆ ئێمە تایبەتتر بێت بەراورد بە جاری یەکەم."

 
ئەمە دووەم جارە راشان و خێلان بەشداری لە فێستیڤاڵی کان دەکەن. ئەوان پێیان وایە کە سەردانی یەکەمیان ئەزموونێکی جوان بووە، بەڵام ئەمساڵ مانادارترە چونکە وەکو خۆیان دەڵێن، "بوونی کورد زۆر بەهێزتر دانی پێدا نراوە."
 
لەبارەی فێستیڤاڵەکە، راشان و خێلان بۆ رووداو ئاماژەیان بەوە کرد: "ئەمساڵ زۆر زیندوو و نێودەوڵەتییە. بەتایبەتی زۆر جوانە کە دەبینین کولتوور و دەنگە جیاوازەکان جێگە و پێگەی زیاتریان پێدەدرێت، لەنێویاندا کوردستان."