شەزا سالم: بۆنە هونەرییەکان وێنەی راستەقینەی عێراق پێشان دەدەن
رووداو دیجیتاڵ
شەزا سالم، ئەکتەری ناسراوی عێراقی، لە پەراوێزی دووەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی سینەمایی بەغدا رایگەیاند، ئەم جۆرە بۆنە هونەرییانە وێنەی راستەقینەی عێراق پیشان دەدەن و وەڵامێکن بۆ ئەو وێنە نەرێنییەی کە هەوڵدەدرێت بۆ وڵاتەکەی دروستبکرێت.
لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ رووداو، شەزا سالم گوتی: فێستیڤاڵەکە "چونکە لە بەغدایە، واتە بەغدا بۆ من نوێنەرایەتیی هەموو عێراق دەکات. کاتێک دەڵێم بەغدا، واتە هەموو عێراق. عێراق شایەنی ئەوەیە زۆر شتی پێشکێش بکەین و وێنەیەکی لەبارەیەوە بە خەڵکی دیکە بدەین کە هەوڵ دەدەن وێنەیەکی تەواو جیاواز لە عێراق پێشان بدەن".
ئەو ئەکتەرە عێراقییە جەختی کردەوە: "ئەمەیە عێراق. عێراق خاوەنی کولتوور و هونەرە. کولتوور و هونەر هێشتا پێشەنگن و لە پێشەوەن و کولتوور و هونەر هەموو شتێکە".
شەزا سالم ئاماژەی بەوەش کرد کە بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەکان باشترین بەڵگەن لەسەر قسەکانی و گوتی: "بەڵگەش لەسەر ئەمەش ئەم فێستیڤاڵەیە، دووەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی سینەمایی بەغدا، ئەم ئامادەبوونە عەرەبی و عێراقییە گرنگە، رێزلێنان لە ژنی عێراقی و دوای چەند رۆژێکی دیکە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی بەغدا بەدوایدا دێت. ئەمە وێنە راستەقینەکەی عێراقە".
دووەمین فێستیڤاڵی سینەمایی بەغدا، کە بە ناوی محەممەد شوکری جەمیل، دەرهێنەری دیاری عێراقی کراوە، لەلایەن سەندیکای هونەرمەندانی عێراق بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی رۆشنبیری، گەشتوگوزار و شوێنەواری عێراق رێکخراوە و تاوەکو 21ـی ئەیلوول بەردەوام دەبێت.
لە فێستیڤاڵەکەدا ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەستێرە عەرەبەکان و سینەماکارانی عێراق، رەخنەگر و میدیاکاران و میوانانی بیانی ئامادەن. شاندی وڵاتانی وەک سعودیە، کوەیت، تونس، میسر، لوبنان، ئوردن، سووریا و مەغریب بەشدارن و فیلمەکان لە چەندین بەشی جیاوازدا نمایش دەکرێن، لەوانە فیلمی درێژی سینەمایی، کورتەفیلم، بەڵگەفیلم و ئەنیمەیشن.