فیلمێكی كوردی لە هۆڵیوود خەڵات وەردەگرێت
رووداو - هەولێر
فیلمی سینەمایی (تورن) كە لە بەرهەمهێنان و دەرهێنانی نەوزاد شێخانی، دەرهێنەری كوردی ئێزدییە، خەڵاتی باشترین فیلمی لە فێستیڤاڵی فیلمی هۆڵیوود پێبەخشرا.
نەوزاد شێخانی كە لە ئەڵمانیا نیشتەجێیە، بە (ئەدەب و كولتووری رووداو)ی راگەیاند، فیلمەكەی خەڵاتی باشترین فیلمی لە بەشی فیلمە بیانییە درێژەكان لە فێستیڤاڵی فیلمی هۆڵیوود وەرگرتووە.
گوتیشی، جگە لەم خەڵاتە، فیلمەكەی خەڵاتی باشترین سینەماتۆگرافی وەرگرتووە و بڕیارە لە 26ی یەنایەری ساڵی داهاتوو لە رێوڕەسمێكدا خەڵاتەكە وەربگرێت.
فیلمەكە بۆ چەندین فێستیڤاڵی سینەمایی نێردراوە و ماوەی چوار ساڵ كاری بۆ كراوە.
فیلمەكە باس لەو كەمینانە دەكات كە دووچاری كوشتن و لەناوبردن بوونەتەوە، لەوانەش كوردی ئێزدی. بە چوار زمان بەرهەمهاتووە و دۆبلاژی عەرەبی كراوە و ژێرنووسی ئینگلیزیش كراوە.