ئاوازدانەری درامای یوسفی راستگۆ: كورد میوزیكێكی زۆر دەوڵەمەندی هەیە

ژولی عەدنان و هیوا سەڵاح
رووداو –هەولێر

پەیمان یەزدانیان، ئاوازدانەری میوزیكی وێنەیی كە بۆ پێشكەشكردنی وۆركشۆپێك هاتبووە هەولێر، رۆژی 12/6/2013 لەناو هۆڵی پەیمانگەی هونەرەجوانەكانی هەولێر كۆنسێرتێكی میوزیكی ساز كرد كە زۆربەی میوزیكەكە لە ئاواز و دابەشكردنی خۆی بوو. لەو كۆنسێرتەدا هونەرمەندان و رۆشنبیرانی هەولێر بە تامەزرۆییەوە لە دەست و پەنجەی پەیمانی یەزدانیانیان دەڕوانی، چونكە هێندە بە حەماسەتەوە میوزیكی دەژەنی كە هەمووانی خستبووە جۆش و خرۆش. دوای تەواوبوونی كۆنسێرتەكە یەزدانیان قسەی بۆ (رووداو) كرد.


رووداو: دانانی ئاواز بۆ درامایەكی مێژوویی كارێكی ئەستەم نییە، ئایا بۆ ئەو سەردەمانە گونجاندنی میوزیك بە ئەركێكی زەحمەت نابینی؟ 

پەیمان یەزدانیان: لێرە ناتوانم بەشێوەیەكی درێژ پێناسەیەكی ورد بۆ میوزیكی وێنەیی بكەم، چونكە مێژوویەكی دوور و درێژی هەیە، هەڵبەتە دروستكردنی میوزیكی وێنەیی بۆ درامایەكی مێژوویی كارێكی یەكجار زەحمەتە، بەڵام بۆ ئەو مەبەستە دوو رێگای زانستی هەیە، یەكەم دەبێت بگەڕێیتەوە بۆ سەرچاوەی ئەو سەردەمە ئایا لەو سەردەمە چ میوزیكێك باو بووە تۆ سوودی لێوەربگریت. رێگای دووەمیش بە خەیاڵ و هەست و روئیای خۆت میوزیكێكی شایان بەو سەردەمە دروست بكەیت، من لە درامای یوسفی راستگۆ رێگای دووەمم هەڵبژارد، هەرچەندە هەندێك زانیاری سەرەتاییم هەبوو كە لەو سەردەمە چ جۆرە مەقامێك بەكارهاتووە.

رووداو: بۆ ماوەی دوو رۆژ لە هەولێر وۆرك شۆپێكت دەربارەی میوزیكی وێنەیی پێشكەش كرد، تا چەند توانیت لەو ماوە كەمەدا ئەو هونەرە بگەیەنی؟

پەیمان یەزدانیان: لەو وۆركشۆپەدا تەنیا پێناسەیەكی كورتی ئەو هونەرەمان كردووە، رێگای ئاسانم نیشانداون بۆ ئەوەی بتوانن ئاوازی وێنەیی سازبكەن، لە راستیدا فێركردنی میوزیكی وێنەیی دراما و سینەمایی شتێكی مەحاڵە، چونكە بەستراوەتەوە بە هەست و چێژوەرگرتنی ئاوازدانەرەكە، من تەنیا پەنجەرەیەكم بۆ كردوونەتەوە تا لەو هونەرە مەزنە بڕوانن.

رووداو: ئایا میوزیكی كوردی ئەو تایبەتمەندیانەی تێدایە بۆ فیلمی سینەمایی و دراما سوودی لێوەربگیرێت؟

پەیمان یەزادنیان: میوزیكی كوردی دەتوانێت باشترین میوزیكی سینەمایی لێ بەرهەمبێت، تەنانەت بۆ فیلمی جیهانیش سوودی زۆری هەیە، چونكە بە بۆچوونی من كورد زۆر دەوڵەمەندە لە بواری میوزیك و گۆرانی، بۆیە دەكرێت میوزیكی كوردی وەك سەرچاوەیەك بۆ میوزیكی وێنەیی دابنرێت.

رووداو: زۆرجار دەگوترێت میوزیكی كوردی و فارسی زۆر لێكچوونیان هەیە، ئایا میوزیكی كوردی لە فارسی وەرگیراوە یاخود بە پێچەوانەیە؟

پەیمان یەزدانیان: بەڕاستی زۆر لێكچوون هەیە لە نێوان ئەو دوو نەتەوەیە، تەنانەت لە رووی كولتووریشەوە لە زۆرشت جیاوازییان نییە، من بەشبەحاڵی خۆم كورد و فارس بە دوو نەتەوەی جیاواز نابینم، بۆیە ئاساییە میوزیكیان لە یەكبچێت.

رووداو: بەو پێیەی هونەرمەندانی كوردی رۆژهەڵات جێ پەنجەیان لەسەر هونەری ئێرانی دیارە، لە هونەرمەندانی كورد كێ دەناسیت و لەگەڵ كێ كارت كردووە؟ 

پەیمان یەزدانیان: هاوڕێ و هاوكاری كوردم ئێجگار زۆرن و لە دەرهێنەران و فۆتۆگرافەران گەلێكیان دەناسم، هەروەها گرووپی كامگارانیش كاری زۆر جوانیان كردووە، شانازیش دەكەم بەوەی كە هۆشەنگ كامكار یەكێك بووە لە مامۆستا خۆشەویستەكانم و وانەی ئۆركێسترای پێگوتوومە و گەلێك شتی باشی لێ فێربووم، لەگەڵ ئەرسەلان كامگاریش كارم كردووە و لە چەند بەرهەمێكمدا كەمانی بۆ ژەندووم.

رووداو: وەك زانیومانە تۆ لە هیچ ئەكادیمیایەك میوزیكت نەخوێندووە، ئەی چۆن بەو شێوە زانستی و ئەكادیمییە كار دەكەی؟

پەیمان یەزدانیان: من وا هەست دەكەم تا ئێستا دەستم نەكردووە بە ئەكادیمی بوون، تەنیا مامۆستای تایبەتیم هەبووە، لە تەمەنی شەش ساڵییەوە ئەلفوبێی پیانۆم خوێندووە، وانەی تایبەتی پیانۆم لەلایەن چەند مامۆستایەكی فەڕەنسی وەرگرتووە، چەندین ماستەر كلاسم لە بواری هارمۆنیای میوزیكی لە وڵاتانی نەمسا و ئەڵمانیا خوێندووە، بۆیە باوەڕم وایە تا زیاتر ئەكادیمی بیت ئەركەكەت قورستر دەبێت، كە گوێ لە میوزیكەكانی بتهۆڤن و رەحمانۆف و باخ و شۆپان دەگرم ئەوسا تێدەگەم كە من هێشتا زۆرم ماوە و كامڵ نەبوومە.


پەیمان یەزدانیان كێیە؟

 - لە ساڵی 1969 لە تاران لە دایكبووە.
- لە تەمەنی شەش ساڵییەوە دەستی بە ژەنینی ئامێری پیانۆ كردووە.
- كۆلیژی دەرمانسازی تەواو كردووە، دواتر بووەتە پزیشكی نەشتەرگەری، بەڵام لەبەر میوزیك وازی لە كاری پزیشكی هێناوە.
 - زیاتر لە 40 پارچە میوزیكی بۆ ئامێری پیانۆ نووسیوە.
 - 50 پارچە میوزیكی بۆ دراماو فیلمە جیهانی و ئێرانییەكان داناوە. لەوانە میوزیكی درامای یوسفی راستگۆ.
- دەیان خەڵاتی جیهانی و نێوخۆیی وەك باشترین ئاوازدانەری وێنەیی وەرگرتووە.