کتێبێک لەبارەی فرەیی و هەمەچەشنیی کۆمەڵگەی کوردستانی بڵاودەکرێتەوە


رووداو دیجیتاڵ 

لە هەولێر کتێبێک لەبارەی هەمەچەشنەیی و فرەیی لە باشووری کوردستان لە ئێستا و رابردوودا بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی چاپ و بڵاوکرایەوە. نووسەری کتێبەکە دەڵێت، بەپێی هەڵسەنگاندنەکان بە کارێکى "بێهاوشێوە" ئەژمار کراوە.
 
کتێبەکە لە نووسینی پرۆفیسۆری یاریدەدەر د. ئادەم بێدارە و بەرهەمی ئینستیتوتى تۆلێرانسى بێسنوورە. د. ئادەم بێدار لە بارەی کتێبەکە بۆ رووداو گوتی "توێژینەوەکە بەپێى هەڵسەنگاندنى هەڵسەنگێنەرەکانى بە کارێکى بێلایەن و تێر و تەسەل لەسەر بابەتى پێکەوەژیان دادەندرێت و لەئاستى ناوچەکە بە کارێکى بێهاوشێوە ئەژمار کراوە."
 
ناوەڕۆکی کتێبەکە توێژینەوەیەکە و چەند بابەتێک لە خۆدەگرێت. وەک ناساندنی هەرێمی کوردستان و فرەییەکەی، کورتەیەک لە مێژووی هەمەچەشنی و فرەیی لە کۆمەڵگەی کوردستانیدا، هەروەها ئێستا و ئایندەى هەمەچەشنى و فرەیى لە هەرێمی کوردستان.
لەنێو بابەتەکاندا تیشک خراوەتە سەر رۆڵی دەسەڵاتی یاسادانان و دەسەڵاتی جێبەجێکردن و راگەیاندن و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە پاراستنی فرەیی و هەمەچەشنی کۆمەڵگەی کوردستانیدا.
 
لە باشووری کوردستان، جگە لە کورد و موسڵمان، چەندین نەتەوە و ئایینی دیکە بە درێژایی مێژووی ئەو ناوچەیە پێکەوەژیاون.
 
کتێبەکە رۆژی چوارشەممە 15-9-2021 لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی ژمارەیەک وەزیر و پەرلەمانتار و نوێنەری ئایینەکان و نووسەر و رۆشنبیران لە هەولێر بە واژۆی نووسەرەوە پێشکێش بە ئامادەبووان کرا.
 
پرۆفیسۆری یاریدەدەر د. ئادەم بێدار، هاوکات پێشکێشکاری بەرنامەی لەگەڵ ئادەمە لە رادیۆی رووداو، کە تایبەتە بە گفتوگۆی ئایینەکان لەبارەی دیاردە و رووداوەکان.