محەممەد مەنسوور: فێستیڤاڵەکان هیوا بە گەنجان دەبەخشن و هونەر هێزی نەرمە


رووداو دیجیتاڵ

لە دووەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی سینەمایی بەغدا، محەممەد مەنسوور، ئەکتەری کوەیتی و یەکێک لە میوانە دیارەکانی فێستیڤاڵەکە، بە رووداوی راگەیاند، ئەم جۆرە فێستیڤاڵانە هیوا بە گەنجان دەبەخشن و دەرفەت بۆ داهێنەران دەڕەخسێنن.
 
محەممەد مەنسوور، کە بە یەکێک لە ئەستێرە دیارەکانی درامای کەنداو دەناسرێت، سوپاسی رێکخەرانی فێستیڤاڵەکەی کرد و گوتی: "من زۆر سوپاسی ئەوانە دەکەم کە ئەم فێستیڤاڵەیان رێکخستووە، جا چ مامۆستا دکتۆر جەبار بێت یان دکتۆر حیکمەت و هەموو ئەوانەی کاریان تێدا کردووە، کە ئەم دەرفەتانە بۆ گەنجان دەڕەخسێنن تاوەکو پێشکێشی بکەن و داهێنان لە بەرهەمەکانیاندا بکەن".
 
جەختی لە گرنگیی پەیامی هونەر کردەوە و بە "هێزی نەرم" دەیناسێنێت و روونیکردەوە، هونەر لە رێگەی سینەما، شانۆ، رادیۆ و تەلەڤزیۆنەوە پەیامێکی ناوازە دەگەیەنێت.
 
محەممەد مەنسوور گوتیشی: "ئەمە پەیامێکی زۆر ناوازەیە و پێی دەگوترێت هێزی نەرم. ئەو هەموو ماناکانی خۆشەویستی و هێز و مانای ئەوەت پێدەبەخشێت کە چۆن سەر بەم نیشتمانە بیت یان هەر نیشتمانێکی دیکە".
 
بە بڕوای ئەو ئەکتەرە، هونەر وا لە خەڵک دەکات زیاتر نیشتمانی خۆیان خۆشبوێت و ئاماژەی بەوەدا: "لە رێگەی کارەکانەوە حەزیان لە نیشتمانی خۆیان دەبێت. شتی سادە، دارەکان، شوێن، ئاسمان، ئاو... ئەمانە هێزت پێدەبەخشن و پاڵنەرێکن بۆ ئەوەی کاری جوان پێشکێش بکەیت، نەک تەنیا کاری سۆزداری، بەڵکو دەتوانیت شتی ناوازە پێشکەش بکەیت".
 
محەممەد مەنسوور دووپاتیکردەوە: "ئەمە پەیامەکەیە. ئەمە پەیامێکی بەهێزە. بۆیە پێی دەگوترێت هێزی نەرم".
 
دووەمین فێستیڤاڵی سینەمایی بەغدا، کە بە ناوی محەممەد شوکری جەمیل، دەرهێنەری دیاری عێراقی کراوە، لەلایەن سەندیکای هونەرمەندانی عێراق بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی رۆشنبیری، گەشتوگوزار و شوێنەواری عێراق رێکخراوە و تاوەکو 21ـی ئەیلوول بەردەوام دەبێت.
 
لە فێستیڤاڵەکەدا ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەستێرە عەرەبەکان و سینەماکارانی عێراق، رەخنەگر و میدیاکاران و میوانانی بیانی ئامادەن. شاندی وڵاتانی وەک سعودیە، کوەیت، تونس، میسر، لوبنان، ئوردن، سووریا و مەغریب بەشدارن و فیلمەکان لە چەندین بەشی جیاوازدا نمایش دەکرێن، لەوانە فیلمی درێژی سینەمایی، کورتەفیلم، بەڵگەفیلم و ئەنیمەیشن.