سوها سالم: سازکردنی فێستیڤاڵ بوونی ئارامی و ئاشتییە لە وڵاتدا
رووداو دیجیتاڵ
لە دووەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی سینەمایی بەغدا، سوها سالم، ئەکتەری عێراقی، رایگەیاند، بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵە هونەرییەکان تەنیا رێزلێنان نییە لە هونەرمەندان، بەڵکو بەڵگەیەکی روونە لەسەر ئەوەی وڵات لە دۆخێکی ئارام و ئاشتیدایە.
سوها سالم، یەکێکە لە میوانە دیارەکانی فێستیڤاڵەکە، بە رووداوی راگەیاند، سازکردنی فێستیڤاڵ لە بنەڕەتدا بەرزڕاگرتنی هونەرە و گوتی: "فێستیڤاڵ بەرزڕاگرتنی هونەرمەندە. تەنانەت ئەگەر ناوی هونەرمەندەکەش نەهێنرێت، بەرزڕاگرتنە بەبۆنەی هونەرەوە، جا چ شانۆ بێت یان سینەما. بۆیە زۆر دڵخۆش دەبین، چونکە ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە ئەم لایەنەی ژیان و کۆمەڵگە زۆر گرنگە".
جەختی لەوەش کردەوە، کاریگەریی ئەم بۆنانە لەسەر کۆمەڵگە زۆر گەورەیە و روونیکردەوە: "کاتێک خەڵک دەبینن هونەرمەند لە فێستیڤاڵێکدا ئامادەیە، هەست دەکەن وڵاتەکە باشە و لە ئارامی و ئاشتیدایە، چونکە ئاهەنگگێڕان هەیە بەبۆنەی هونەر و هونەرمەندانەوە".
سوها سالم ئاشکرای کرد، خەڵک بەردەوام چاوەڕوانی ئەم جۆرە بۆنە کولتووریانەن و گوتیشی: "بەردەوام لێمان دەپرسن بۆچی فێستیڤاڵ نییە؟ چونکە هەست دەکەن بوونی فێستیڤاڵ پرۆسەیەکی ئاهەنگگێڕانە و نیشانەی ئارامیی وڵاتە".
دووەمین فێستیڤاڵی سینەمایی بەغدا، کە بە ناوی محەممەد شوکری جەمیل، دەرهێنەری دیاری عێراقی کراوە، لەلایەن سەندیکای هونەرمەندانی عێراق بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی رۆشنبیری، گەشتوگوزار و شوێنەواری عێراق رێکخراوە و تاوەکو 21ـی ئەیلوول بەردەوام دەبێت.
لە فێستیڤاڵەکەدا ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەستێرە عەرەبەکان و سینەماکارانی عێراق، رەخنەگر و میدیاکاران و میوانانی بیانی ئامادەن. شاندی وڵاتانی وەک سعودیە، کوەیت، تونس، میسر، لوبنان، ئوردن، سووریا و مەغریب بەشدارن و فیلمەکان لە چەندین بەشی جیاوازدا نمایش دەکرێن، لەوانە فیلمی درێژی سینەمایی، کورتەفیلم، بەڵگەفیلم و ئەنیمەیشن.