هەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک بە فیلمی سینەمایی "ئەزموون" دەستیپێکرد
رووداو دیجیتاڵ
بە نمایشی فیلمی سینەمایی "ئەزموون" کە لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد شەوکەت ئەمین کورکی-یە، هەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک بە فەرمی دەستپێدەکات.
فیلمی سینەمایی "ئەزموون - The Exam" چوارەمین فیلمی بڵندی سینەماکاری کورد شەوکەت ئەمین کورکی، لە بەرهەمهێنانی "مەمەد ئەکتاش"، بەرهەمی هاوبەشی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ئەڵمانیا و قەتەر؛ بەشداریی لە بەشی "پێشبڕکێی سەرەکی - Crystal Globe" لە 55ـەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "کاڕلۆڤی ڤاری" لە وڵاتی کۆماری چیک کردووە و خەڵاتی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی رەخنەگرانی فیلم "فیپێڕشی - FIPRESCI"ی بەدەستهێناوە. هەروەها لە بەشی "پێشبڕکێی سەرەکی" 19یەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "تیرانا - Tirana" لە وڵاتی ئەلبانیا بەشداریی کردووە و خەڵاتی باشترین سیناریۆی ئەو رووداوە سینەماییە باوەڕپێکراوەی ئەکادیمیای ئۆسکاری بەدەستهێناوە.
لە نوێترین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە کاژێر 06:00ی ئێوارەی رۆژی دووشەممە 15-11-2021 لە رێوڕەسمی دەستپێکی هەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک لە هۆڵی "کۆنگرە" لە زانکۆی دهۆک دەچێتە سەر پەردەی سینەما و هەروەها لە کاژێر 03:00ی دوانیوەڕۆی رۆژی پێنجشەمە 18-11-2021 لە دووەمین سانسی خۆیدا لەو رووداوە سینەماییە نمایش دەکرێت.
فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک کە بە یادی "یەڵماز گۆنای" دەرهێنەری ناوداری سینەما و براوەی خەڵاتی چڵە خورمای فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "کان"ی فەرەنسا (1982) و بە مەبەستی پردێکی پەیوەندی لەنێوان دەرهێنەرە کوردەکان و فیلمسازانی سەرتاسەری جیهان و هەروەها ئاڵوگۆڕی فەرهەنگی نێوان نەتەوە جۆراوجۆرکانی جیهان دامەزراوە؛ هەشتەمین خولی به نمایشی 94 فیلم له سینهماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان لە چوارچێوەی فیلمە بڵندە سینەماییەکان، کورتە فیلم و بەڵگەفیلمەکان لە چەندین بەشی پێشبڕکێیی و دەرەوەی پێشبڕکێیی، لەوانە: بەشی پێشبڕکێی سینەمای جیهان، بەشی پێشبڕکێی سینەمای کوردی، بەشی روانینێک بە سینەمای جیهان، بەشی پانۆرامای سینەمای کوردی، بەشی نمایشی تایبەت و ... لە رۆژانی 15 بۆ 22-11-2021 لە هۆڵی "کۆنگرە"ی زانکۆی دهۆک و هەروەها له هۆڵە سینەماییەکانی ناوەندی "دهۆک مۆڵ" لە شاری دهۆک بەڕێوەدەچێت.
فیلمی سینەمایی "ئەزموون" بەرهەمی کۆمپانیای "میتۆس فیلم"ی بەرلین و کۆمپانیای "مەستی فیلم"ی سلێمانی کە بە پاڵپشتی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرهەمهاتووە و لەلایەن کۆمپانیای ئەڵمانی "ئاڕت هوود - ArtHood" لە جیهاندا بڵاودەبێتەوە.
لە فیلمە سینەماییەکەدا کۆمەڵێک ئەکتەری بەئەزموونی هەرێمی کوردستان لەگەڵ چەندین ئەکتەری گەنجی کوردستان تیایدا رۆڵیان بینیوە، لەوانە: ئاوان جەمال، ڤینا سالار، حوسێن حەسەن، شوان عەتووف، هوشیار زێڕۆ نێروەیی، نیگار عوسمان، کاوە قادر، عادل عەبدولڕەحمان، حەمەڕەشید هەرەس و یانا توانا.