دەلیل دیلانار کۆنسێرتێکی بۆ هەوادارانی لە ئێلەهـ سازکرد


رووداو دیجیتاڵ

دەلیل دیلانار، هونەرمەندی ناسراوی کورد، لە شاری ئێلەهی باکووری کوردستان، کۆنسێرتێکی سازکرد و ژمارەیەکی بەرچاو لە هەوادارانی ئامادەبوون. گەنجان و بەساڵاچووان، ژنان و پیاوان، بە گۆرانی و بەرهەمەکانی شەوێکی هونەرییان بەسەربرد.
 
دەلیل دیلانار، خۆشحاڵی خۆی بە ئامادەبوونی جەماوەرەکە دەربڕی و بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "گەنج و کەسانی بەتەمەن ئامادەن. ئەوان بۆ میوزیکی رەسەنی کوردی هاتوون. ئێوەش بینیتان کە زۆر زۆر خۆشە. لەبەر ئەوەش سوپاسی خەڵکی باتمان -ئێلەهـ- دەکەم".
 
ئامادەبووانی کۆنسێرتەکە خۆشحاڵی خۆیان بە بینینی هونەرمەندەکەیان دەربڕی و هیوا و خواستی خۆیان بۆ رووداو خستەڕوو.
 
ئایدن ئەردەم، یەکێک لە ئامادەبووان، گوتی: "دەلیل دیلانار وەکو هونەرمەندێک زۆر بەهای لای ئێمە هەیە". قادر دەمیرتاش، ئامادەبوویەکی دیکە بوو و رایگەیاند: "دەلیل دیلانار دەنگێکی زۆر بەهێزە. ناوبانگی لە وڵاتی ئێمە و لە هەموو جیهاندا هەیە. زۆرمان خۆشدەوێت".
 
هەروەها دەنگبێژ بارش ئاماژەی بەوە کرد: "خۆشترین گۆرانیی دەلیل لام (ئەز وەلاتم)ـە. من بیسەری ئەوم و لەبەر دەنگی ئەو هاتووم".
 
بەشێک لە ئامادەبووان هیوایان خواست ئەو هونەرمەندانەی لە تاراوگەدان بگەڕێنەوە بۆ نیشتمان.
 
یوسف ئایدن، یەکێک لە بەشداربووان، گوتی: "مامۆستا دەلیل دیلانار یەکێکە لەو هونەرمەندانەی کە ساڵانێک لە ئەورووپا ژیاوە و نەیدەتوانی بگەڕێتەوە نیشتمان. ئێمە دەمانەوێت مامۆستایانی وەک ئەو کە لە ئەورووپا دەژین، بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان و لێرە درێژە بە هونەرەکەیان بدەن و رێگەش بۆ گەنجان خۆش بکەن تاوەکو شوێنپێی ئەوان هەڵبگرین".
 
سۆزدار ئادین، کە لەگەڵ براکەی ئامادەی کۆنسێرتەکە بوو، گوتی: "دەلیل دیلانار بۆ دەنگبێژی زۆر گرنگە. ئێمە لەبەر ئەو هاتووین و زۆرمان چێژ لێ بینی. حەزمان دەکرد ئەو هونەرمەندانەشمان لێرە بوونایە کە لە ئەورووپا لە تاراوگەن و ناتوانن بگەڕێنەوە. دەمانەوێت رۆژێک ئەوانیش ببینین".
 
محەممەد ساڵح چەلیک هیواکانی خۆی خستەڕوو و گوتی: "هیوادارم ئاشتییەک لەنێو گەلەکەماندا دروست ببێت و ئەو هونەرمەندانەی ئێمەش کە لە دیاسپۆران بگەڕێنەوە نیشتمانی خۆیان. ئەمە وڵاتی ئێمەیە و واز لەم نیشتمانە شیرینە ناهێنین".