گەنج و پیر و منداڵ پێکەوە گۆرانی رۆک دەڵێن


رووداو - هەولێر

لە وڵاتانی جیهان زیاتر منداڵان و ئەو کەسانەی تەمەنیان لە ١٧ ساڵان بچووکترە روودەکەنە کۆمەڵێک گرووپی رۆک و پێکەوە بە ژەنینی میوزیکی رۆک کاتێکی خۆش بەسەر دەبەن و هەمووان پێکەوە میوزیک دەژەنن و رۆک دەڵێن، بەڵام ئێستا لە ئەمریکا کەمپینی رۆک بۆ دایکان و باوکان کراوەتەوە کە زۆرترینی ئەو کەسانەی تەمەنیان گەورەیە دەتوانن بێنە ئەم شوێنەو هەموون پێکەوە گیتار بژەنن و گۆرانی رۆک بڵێنەوە.

ئەم شوێنە زیاتر تایبەتە بە کەسانی بە تەمەن و تەنانەت هەندێک جار پیاوی پیر و ژنی پیریشیان تێدایە. ئەوان دەڵین کە ئەمە چێژێکی خۆشیان پێدەبەخشێت، چونکە هەموو جارێک شتێکی تازەیە و گۆرانییەکان زۆر بە دەگمەن دووبارە دەبنەوە.

ئەم کەمپینە بەجۆرێکە وەک گۆرانیبێژەکانی باسی لێوە دەکەن زۆر جار خەڵکی ئەوەندە پیر دەچێتە ئەو شوێنە پێیانوایە باپیرە یان داپیرەی یەکێکە هاتووە بۆ سەیرکردنی نەوەکەی، بەڵام لە ناکاودا گیتارێک دەردەهێنێت و دەست بە گوتنی گۆرانی و لێدانی گیتار دەکات.

لە ساڵی ٢٠٠٩ ــەوە چەندین دایک و باوک بەهۆی بەسەرچوونی تەمەنیانەوە وازیان لە بەهرەکانی خۆیان هێناوە و چیتر میوزیکی رۆکیان نەژەنیوە، بەڵام ئێستا ئەم جێگەیە بووەتە شوێنێک کە بۆ خەڵکی سەلماندووە هیچ کەسێک ئەوەندە پیر نییە کە نەتوانێت میوزیکی رۆک بژەنێت.