پارێزەرەکەی لەبارەی زیندانیکردنی حەمکۆ بە ساڵێک: بڕیارەکە ئەگەری گۆڕینی هەیە

 
رووداو دیجیتاڵ 

بە تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی بۆسەر ئافرەتێک، هونەرمەندی کۆمیدی حەمکۆ، بە ساڵێک زیندانیکردن سزادرا. پارێزەرەکەشی دەڵێ: "داوای پێداچوونەوە بۆ بڕیارەکەی دادگە دەکەین." 
 
رۆژی دووشەممە 19-09-2022، دادگەی کەتنی هەولێر بەپێی ماددەی 396 لە یاسای سزاکانی عێراق، سزای یەک ساڵ زیندانی بۆ هونەرمەندی کۆمیدی حەمکۆ دەرکرد. جوامێر سەرباز، پارێزەری تایبەتی حەمکۆ بە رووداوی راگەیاند: بڕیارەکەی دادگە، لەسەر بنەمای شاهێدی چەند کەسێک بووە، بۆیە ئەمە نابێتە بەڵگەی یەکلاکەرەوە و ئێمە داوای پێداچوونەوە بۆ بڕیارەکە دەکەین. 
 
ساڵی 2019 کچێک (کە پێشتر هاوڕێی خۆی بووە) بە تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی، سکاڵای یاسایی لەسەر حەمکۆ تۆمارکرد، دوای چەند دانیشتنێکی دادگە، حەمکۆ بە کەفالەت ئازادکرا.
 
پارێزەر جوامێر سەرباز گوتی: "راستە حەمکۆ پەیوەندیی لەگەڵ ئەو ئافرەتە هەبووە کە سکاڵای لەسەر تۆمارکردووە، پەیوەندییەکەشی راستەقینە بووە و چەندجارێکیش چووەتە خوازبێنی، بەڵام ماڵباتەکەی رازیی نەبوون." 
 
محەممەد جۆرج، ناسراو بە حەمکۆ، یەکێکە لە ئەکتەرە دیارەکانی بواری کۆمیدیا لە هەرێمی کوردستان و لە سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی رابردووەوە دەستی بە نواندن کردووە و تاوەکو ئێستا بەشداری لە دەیان فیلم، دراما و شانۆدا کردووە. 
 
لەبارەی گۆڕانکاریی لە سزاکەدا، ئەو پارێزەرە ئاماژەی بەوە کرد، "هێشتا بڕیارەکە ئەگەری گۆڕینی هەیە و هەر قسەکردنێک لەوبارەوە، تێکدانی دۆخەکەیە و هێرشکردنە بۆسەر کەسایەتی حەمکۆ."