ئاکۆ محەممەد: شیعر لەکاتی رووداوە گەورەکان شێرکۆ بێکەسیان کردە ئەو کەسەی ئێستا هەست بە بۆشایی ئەو بکەین

رووداو دیجیتاڵ

لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی پارێزگاری سلێمانی و ماڵباتی شێرکۆ بێکەس، مۆزەخانەی ماڵی شێرکۆ بێکەس لە سلێمانی کرایەوە. بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو لە کاتی کردنەوەی مۆزەخانەکەدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەوەی ئەمڕۆ ئێمە بەبۆنەیەوە کۆبووینەتەوە، هەنگاوێکی جوانە، ئەو نەوانەی دەبنە شەیدای ئەدەبی شێرکۆ بێکەس، دوای ئەوەی ماڵەکەی کرایە مۆزەخانەی خۆی، شوێنێک هەیە سەردانی بکەن.
 
ئاکۆ محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو لە کاتی کردنەوەی مۆزەخانەکەدا گوتارێکی پێشکێش کرد و رایگەیاند، "خەیاڵی فراوان، شیعری جوان، شیعر لەکاتی رووداوە گەورەکانی کوردستان دا، شێرکۆ بێکەسیان کردە ئەو کەسەی ئێستا هەموومان هەست بە بۆشایی شێرکۆ بێکەس بکەین."
 
بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو گوتی، "فایەق بێکەس، شاعیرێکی گەورەی نیشتمانی بوو، بەڵام شێرکۆ بێکەس باوکی خۆی تێپەڕاند لە فراوانی و بەربڵاوی بڵاوبوونەوەی شیعری و کاریگەرییەکەی. شێرکۆ بێکەس سلێمانی چالاکتر کردبوو، شیعر و ئەدەبی کوردی زۆر بەهێزتر کردبوو، لەبەرئەوەیە ئەمڕۆ هەموومان هەست بە بۆشایی شێرکۆ بێکەس دەکەین."
 
دەقی گوتارەکەی ئاکۆ محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو:
 
خەیاڵی فراوان، شیعری جوان، شیعر لەکاتی رووداوە گەورەکانی کوردستان دا، شێرکۆ بێکەسیان کردە ئەو کەسەی ئێستا هەموومان هەست بە بۆشایی شێرکۆ بێکەس بکەین . هەمووشمان دڵنیاین لەوەی تاوەکو شیعری کوردی بمێنێت ناو و شیعری شێرکۆ بێکەس بە زیندوویی دەمێنێتەوە . فایق بێکەس شاعیرێکی گەورەی نیشتمانی بوو، بەڵام شێرکۆ بێکەس باوکی خۆی تێپەڕاند لە فراوانی و بەربڵاوی بڵاوبوونەوەی شیعری و کاریگەرییەکەی .
 
شێرکۆ بێکەس سلێمانی چالاکتر کردبوو، شیعر و ئەدەبی کوردی زۆر بەهێزتر کردبوو، لەبەرئەوەیە ئەمڕۆ هەموومان هەست بە بۆشایی شێرکۆ بێکەس دەکەین . هەروا لەخۆڕا نەبوو بیرمەندی گەورەی کورد مەسعود محەممەد دەیگوت "شێرکۆ بێکەس گۆرانی شاعیری تێپەڕاندووە." 
 
ئەوەی ئەمڕۆ ئێمە بەبۆنەیەوە کۆبووینەتەوە، هەنگاوێکی جوانە، ئەو نەوانەی دەبنە شەیدای ئەدەبی شێرکۆ بێکەس، دوای ئەوەی ماڵەکەی کرایە مۆزەخانەی شێرکۆ بێکەس، شوێنێک هەیە سەردانی بکەن. لە بەرامبەر ئەم هەنگاوەدا ئەو رۆشنبیرانەی هەر لە سەرەتاوە لە سلێمانی کاریان بۆ ئەو پڕۆژەیە کردووە و د. هاوڕێ دارۆی شێخ نووری، کاک هەڵۆی شێرکۆ بێکەس و هەموو بنەماڵەکەیان شایانی دەستخۆشین. لە دوای ئەمڕۆوە گەنجانی عاشقی شیعری شێرکۆ بێکەس، کەسانی بیانی کە دەیانەوێت یادگارێکی شێرکۆ بێکەس ببینن ، شوێنێک هەیە سەردانی بکەن. هەروەها بەڕاستی شاری سلێمانی شوێنێکی دیکەی کولتووری و گەشتیاری بۆ زیاد بوو. ئەمە دەستپێشخەرییەکی باشە و جێگەی دەستخۆشی و پشتیوانییە.  
 
خەیاڵی شیعریی شێرکۆ بێکەس زۆر فراوان بوو، بەڵام ئەو دەوڵەمەندیی زمانی کوردیی دۆزیبووەوە، لەبەرئەوەش هەندێ جار بۆ ناو و دەستەواژەیەکی جوان پرسمان پێدەکرد، لەبیرمە بۆ ناوی هەفتەنامەی رووداو پرسمان پێکرد ، ئەو پێشنیازی (چاو)ی کرد ، لە کۆتاییدا ئێمە بڕیارمان لە (رووداو) دا، بەڵام کە تەلەڤزیۆنی رووداو دەستی بە پەخش کرد ناوی بەرنامەیەکی رەنگینی رووداومان بە یادی کاک شێرکۆ بێکەسەوە کردە (چاوی رووداو) . لە یەکەم هەڤپەیڤینی بەر لە دەستپێکردنی بەر لە پەخشی رووداویش دا بە پشتگیرییەکەی دڵگەرمییەکی زۆری پێبەخشین. 
 
هیوادارین پڕۆژەی مۆزەخانەی شێرکۆ بێکەس فراوانتر ببێت و ببێتە جێگەی چاوەڕوانی هەمووان و، هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم .