ئیسماعیل خەیاتی شێوەكار كۆچی دواییكرد
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ پێنجشەممە 20-10-2022 هونەرمەندی شێوەکار ئیسماعیل خەیات کۆچی دواییکرد. هەیاس ئیسماعیل هەواڵەکەی بۆ رووداو پشتڕاستکردەوە و گوتی، "باوکم بەهۆی ئەو نەخۆشییەی کە سێ ساڵ پێش ئێستا تووشی ببوو، کاژێر 11:30ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ کۆچی دواییکرد."
هاوکات نیاز نووری، نەقیبی سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، نزیكەی دوو ساڵ هونەرمەند ئیسماعیل خەیات بێهۆش بووە تاوەکو کۆچی دواییکرد.
ئیسماعیل خەیات لە ساڵی 1944 لە خانەقین لەدایكبووە، دەرچووی خانەی مامۆستایانی بەعقوبەیە، لە 1992 - 1998 بەڕێوەبەری هونەری شێوەكاری بووە لە وەزارەتی رۆشنبیریی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هاوژینی هونەرمەندی شانۆكار گەزیزە عومەرە.
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا پرسە و سەرەخۆشیی لە بنەماڵەی هونەرمەندەکە کرد و رایگەیاند، "مامۆستا ئیسماعیل خەیات، یەكێك بوو لەو هونەرمەندە بەئەزموون و ناودارانەی بواری شێوەكاری، كە ساڵانێكی زۆر، لەڕێی هونەرەكەیەوە، خزمەتێكی زۆری پێشكەش بە پرسی كورد و كوردستان كرد و ئەرشیڤێكی گەورەی لە تابلۆ و شاكاری هونەری بۆ بەجێهێشتین".