عەبدوڵڵا جەمال سەگرمە میوزیکی کوردی لە فێستیڤاڵێکی ئەڵمانیا پێشکێش دەکات
رووداو دیجیتاڵ
د. عەبدوڵڵا جەمال سەگرمە، ئاوازدانەری ناسراوی کورد، بەمەبەستی بەشداریکردن لە فێستیڤاڵی ئیمپووس بۆ ساڵی 2025 بانگهێشتی ئەڵمانیا کراوە و دوو بەرهەم پێشکێش دەکات و گوتی: "تاکە کوردم لەو فێستیڤاڵەدا بەشدارم".
د. عەبدوڵڵا جەمال سەگرمە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی ئیمپووسی بۆ ساڵی 2025 لە ئەڵمانیا بەشدار دەبم و دوو پارچە میوزیک بۆ یەکەمجار لە دوو کۆنسێرتدا پێشکێش دەکات و لە سەرەتای تشرینی یەکەمی ئەمساڵ دەچمە ئەڵمانیا".
14 ئاوازدانەر بەشداری لە فێستیڤاڵەکەدا دەکەن. سەگرمە دەڵێت: "ئەو هونەرمەندانە لە نۆ وڵاتی جیاوازەوە هەڵبژێردراون؛ ئەڵمانیا، هۆڵەندا، رووسیا، ئەمریکا، کۆریای باشوور، سویسرا، ئەرجەنتین، ئوسترالیا و هەرێمی کوردستان".
کۆنسێرتی یەکەم، عەبدوڵڵا جەمال سەگرمە تێیدا بەشدار دەبێت، لە 8ـی تشرینی یەکەمی 2025، کاژێر 20:00 بەڕێوەدەچێت.
ئەو هونەرمەندە کوردە دەڵێت، لە کۆنسێرتی یەکەمدا، بەرهەمێک بەناوی "چێلۆی ئایدن" لە شەش جووڵەی کورتدا پێشکێش دەکات و لە 15 خولەکدا پێشکێش دەکرێت. هەروەها گوتی: "کۆمەڵێک ئاواز، ریتم و مەقامی میوزیکی کوردیم لە دانانی بەکارهێناوە و هەوڵمداوە توانای ئامێری چێلۆ تاوەکو ئاستێکی بەرز و باڵا دەربخەم و هاوسەنگییەکی تەواو لە نێوان مۆرکی میوزیکی کوردی و میوزیکدانانی هاوچەرخی ئەمڕۆدا دروست بکەم".
کۆنسێرتی دووەم کە سەگرمە تێیدا بەشدار دەبێت، لە 13 و 14ـی تشرینی دووەمی 2025، کاژێر 19:30 لەسەر شانۆی ماگدێبۆرگ بەڕێوەدەچێت.
سەبارەت بە کارەکانی بۆ کۆنسێرتی دووەم، عەبدوڵڵا جەمال گوتی: "کارێکی دیکەم بەناونیشانی 'باخی یەزدان' پێشکێش دەکرێت کە بۆ ئۆرکێسترایەکی گەورەی فیلهارمۆنیکم داناوە و ماوەکەی 15 خولەکە. لەم کارەدا کۆمەڵێک میلۆدیی کوردیم وەکو هەوێنی کارەکە بەکارهێناوە، وەکو میلۆدیی گۆرانییەکانی 'خوایە وەتەن ئاواکەی'، 'کاڤۆکێ'، 'لۆرکێ لۆرکێ' و هتد...، سکۆری کارەکە لە 41 هێڵی جیاوازی ئامێرەکان پێکدێت و زمانێکی زۆر هاوچەرخ و ستانداردی جیهانیم لە داڕشتنی کارەکەدا بەکارهێناوە".
فێستیڤاڵەکە لە زنجیرەیەک کۆنسێرت پێکدێت، ماوەی زیاتر لە مانگێک دەخایەنێت. کۆمەڵێک ئۆرکێسترای بەناوبانگی ئەڵمانیا بەشداریی تێدا دەکەن، لەوانەش: ئۆرکێسترای رادیۆ و کۆرسەکانی جی ئێم بی ئێیچی بەرلین، ئۆرکێسترای سیمفۆنیی رادیۆی بەرلین، ئۆرکێسترای ژووری فیلهارمۆنیی وێرنیگێرود، فیلهارمۆنیکی ماگدێبۆرگ و ئەکادیمیای هونەریی هالی.