بەڵگەفیلمێکی رووداو نهێنی ژیان و لێهاتوویی حەسەن زیرەک دەخاتەڕوو


رووداو دیجیتاڵ

"زیرەک" بەڵگەفیلمێکی نوێی رووداوە لەبارەی ژیان و هونەری حەسەن زیرەک، ئەو هونەرمەندەی بووەتە سیمبولی نەتەوەیەک. لە بەڵگەفیلمەکەدا چەندین کەسایەتیی دیاری بواری هونەر و ئەدەبی کورد باس لە نهێنییەکانی لێهاتوویی زیرەک و هەوڵەکان بۆ پێشکێشکردنەوەی بەرهەمەکانی بە شێوازێکی هاوچەرخ دەکەن.
 
ناوی حەسەن زیرەک تەنیا لە دەنگە جادوویەکەیدا کورت ناکرێتەوە؛ ئەو بەرهەمی ژیانێکی پڕ لە ئاوارەیی، هەژاری و گەڕان بوو. محەممەد حەمەباقی، نووسەر و لێکۆڵەر کە لە زیندانی سلێمانی هاوژووری زیرەک بووە، باس لە دوو رەهەندی دژبەیەکی کەسایەتیی ئەو هونەرمەندە دەکات و دەڵێت: "چەند کۆمەڵایەتی بوو، ئەوەندەش نامۆ بوو. لە یەک کاتدا دەیویست لەگەڵ خەڵک تێکەڵ بێت و لە کاتێکی دیکەدا بە تەواوی خۆی دادەبڕی".
 
ئەو ژیانە سەختە و گەڕانە بەردەوامە بەنێو شار و گوندەکانی کوردستاندا، زیرەکی کردبووە خەزێنەیەکی وشە و زاراوەی رەسەن. حەمەباقی ئاماژە بەوە دەکات: "هەموو پیشەیەکی کردبوو، بۆیە شارەزای زاراوەی هەموو چین و توێژەکان بوو. بۆ نموونە، وشەی 'هاسکە' کە بۆ وەسفی ماندووبوونی کۆتر بەکاریهێناوە، تاوەکو ئەمڕۆ لە هیچ فەرهەنگێکی کوردیدا نییە، بەڵام لە دەنگی زیرەکدا پارێزراوە". 
 
ئەم سامانە زمانەوانییە وایکردووە شارەزایان پێیانوابێت، وشەکانی نێو گۆرانییەکانی زیرەک پێویستیان بە فەرهەنگێکی تایبەت هەیە.
 
هەردی قادر دەرهێنەری بەڵگەفیلمەکەیە و هۆرێن غەریب برۆدیوسەریەتی، مۆنتاژی لەلایەن کرمانج فەرەجەوە بۆ کراوە و بەرهەمی بەشی بەڵگەفیلمی تۆڕی میدیایی رووداوە. کاژێر 9:00ـی شەوی هەینی 22ـی ئابی 2025 لە رووداو پەخش دەکرێت.
 
یەکێک لە لایەنە هەرە گرنگەکانی زیرەک، توانای یەکخستنی کورد بوو لەسەر یەک ئاواز. عەبدولڵا جەمال سەگرمە، رابەری ئۆرکێسترای سەمفۆنیی سلێمانی، جەخت لەوە دەکاتەوە کە لە کاتێکدا سیاسەت و زمان کوردستانی یەکنەخستووە، زیرەک ئەو کارەی کردووە و دەڵێت: "کوڕ و کچێکی ئامەد و کرماشانی لەوانەیە لە زمانی یەکدی تێنەگەن، بەڵام لەسەر گۆرانییەکی حەسەن زیرەک پێکەوە هەڵدەپەڕن. گۆرانیی 'کرماشان شاری شیرینم'ـی کردە مارشێکی نەتەوەیی کە لە دیاربەکریش دەگوترێتەوە و پەیامی یەکپارچەیی خاکی کوردستانی تێدا چەسپاند".
 
بۆ ئەوەی نەوەی نوێش لەم گەنجینەیە بێبەش نەبن، عەبدولڵا جەمال سەگرمە پڕۆژەیەکی گرنگی بۆ نوێکردنەوەی بەرهەمەکانی زیرەک دەستپێکردووە. پڕۆژەکە بریتییە لە هەڵبژاردنی شەش گۆرانیی زیرەک و دووبارە دابەشکردنەوەی میوزیکیان بە ستانداردی جیهانی.
 
سەگرمە دەڵێت: "خۆشبەختانە تەکنەلۆژیا رێگەمان پێدەدات دەنگە خاوەکەی زیرەک لە تۆمارە کۆنەکان دەربهێنین، پاکی بکەینەوە و بە ئۆرکێسترایەکی گەورە و بە بەشداریی باشترین ژەنیارەکان، میوزیکێکی شایستە و هاوچەرخی بۆ دابنێین، بەجۆرێک کە هەست بکەیت زیرەک ئەمڕۆ لە ستۆدیۆ گۆرانییەکەی تۆمار کردووە". بە گوتەی خۆی، ئەم کارە "نۆژەنکردنەوەی کەلەپوورێکی نەتەوەییە".
 
لایەنێکی دیکەی درەوشاوەی هونەری زیرەک، ئەو پێگە بەرزەیە کە بە ژنی کوردی بەخشیوە. د. دڵشاد سەعید، ئاوازدانەر و ژەنیاری ناوداری کورد، لەمبارەیەوە دەڵێت: "جەلالەدینی رۆمی دەڵێت ژن مەخلووق نییە، بەڵکو دروستکەرە. من لە گۆرانییەکانی حەسەن زیرەک دا هەست بەمە دەکەم. ژن لای ئەو سەرچاوەی هەموو جوانییەکە. هیچ رێکخراوێکی مافی مرۆڤ و فێمینیستێک هێندەی زیرەک ژنی بەرز رانەگرتووە".
 
پەیامی سەرەکیی بەڵگەفیلمەکە ئەوەیە کە حەسەن زیرەک سەرمایەیەکی نەتەوەییە، وەک چۆن ئیمام جومعەی سەقز لە سەردەمی خۆیدا گوتوویەتی: "بە خودا شایەتە، کەس نەچێتە بەهەشت، حەسەن زیرەک دەچێت، چونکە بە درێژایی تەمەنی تەنیا دڵی خەڵکی خۆشکردووە".