دیوانە شیعرێکی پەشێو بە فینلاندی بڵاوکرایەوە
رووداو دیجیتاڵ
رۆژی 21-8-2025 لە رێوڕەسمێکدا لە شاری هێلسینکیی پایتەختی فینلاند کتێبێکی شیعریی عەبدوڵڵا پەشێو بڵاوکرایەوە کە بریتییە لە ژمارەیەک لە هۆنراوەکانی کە وەرگێڕداونەتە سەر زمانی فینلاندی.
لە رێوڕەسمەدا کە کاژێر 06:00ـی ئێوارەی پێنجشەممە بەڕێوەچوو، ژمارەیەک لە نووسەر و شاعیرانی فینلاندی و ئەورووپایی هۆنراوەیان خوێندەوە، دواتر عەبدوڵڵا پەشێو بە هۆنراوەی (سەربازی ون ) بەشداری لە بڵاوکردنەوەی مەراسیمی کتێبەکەیدا کرد.
هۆنراوەکانی پەشێو لەلایەن (مینا تۆرپا) لە کوردییەوە وەرگێڕدراون بۆ زمانی فینلاندی.
ئەم پەرتووکەی شاعیری نێوداری کورد عەبدوڵڵا پەشێو لەلایەن وەشانخانەی فینلاندی AS Pakett, Tallinna Kustantaja: Palladium Kirjat بڵاوکراوەتەوە.
عەبدوڵڵا پەشێو لە ساڵی 1946 لە هەولێر لەدایکبووە، لە پەیمانگای راهێنانی مامۆستایان خوێندوویەتی، لە ساڵی 1973 چووەتە یەکێتیی سۆڤیەت و لە ساڵی 1979 بڕوانامەی ماستەری لە پێداگۆجی بە پسپۆڕی لە زمانە بیانییەکان وەرگرتووە.
ئەو شاعیرە نێودارەی کورد لە ساڵی 1984دا، بەرگری لە تێزی دکتۆراکەی لە پەیمانگای لێکۆڵینەوەی رۆژهەڵاتی ئەکادیمیای زانستەکانی یەکێتیی سۆڤیەتی ئەو کات کردووە. بۆ ماوەی پێنج ساڵ لە زانکۆی فاتح لە تەرابلوسی پایتەختی لیبیا مامۆستا بووە و لە ساڵی 1995ەوە لە فینلاند دەژی.
پەشێو خێزاندارە و باوکی دوو کچە.