شانۆی 'دواڕۆژەکانی بابلۆ' لە سلێمانی رادەگیرێت


رووداو دیجیتاڵ

شانۆی "دواڕۆژەکانی بابلۆ" دوای 25 رۆژ نمایشکردنی لە هۆڵی رۆشنبیریی سلێمانی، بە گوتەی دەرهێنەرەکەی، وەزارەتی رۆشنبیری ئاگاداریکردوونەتەوە هۆڵی نمایش چۆڵبکەن و شانۆکە رابگرن؛ وەزارەتەکەش بێئاگایی خۆی لە وەها بڕیارێک دەربڕی.
 
رۆژی سێشەممە 22-3-2022، شوان کەریم، دەرهێنەری شانۆی "دوارۆژەکانی بابلۆ" بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، 10 رۆژە هەوڵدەدەن شانۆکە بەردەوامی پێبدەن، بەڵام سەرکەتوو نەبوون و داوای راگرتنیان لێکراوە و ئەمڕۆ دوایین رۆژی نمایشیان بووە.
 
شوان کەریم گوتی، "هەموو هەوڵێک دراوە و بڕیارەکە وەزیری رۆشنبیری داویەتی؛ وەزارەتی رۆشنبیری دەڵێت شانۆیەکی 28 خولەکییان هەیە لە رۆژی شانۆدا لە هۆڵەکەدا نمایشی دەکەین، بەڵام پێمانگوتن ئەمەش هەر شانۆیە؛ هەوڵەکەمان سوودی نەبوو."
 
دەرهێنەری شانۆی "دواڕۆژەکانی بابلۆ" دەڵێت، راگرتنەکە بۆ یەک رۆژ نابێت و وەکو داوایان لێکراوە، دەبێت هەموو دیکۆری هۆڵەکە لێبکەنەوە و بە یەکجاری چۆڵی بکەن.
 
وەزارەتی رۆشنبیریی وەها بڕيارێک رەتدەکاتەوە. نامیق هەورامی، گوتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە، 22-3-2022 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێمە وەکو وەزارەت، هیچ بڕیارێکمان نەداوە بۆ راگرتنی شانۆکە".
 
شانۆی "دواڕۆژەکانی بابلۆ"، لە رۆژانی نمایشیدا پێشوازییەکی گەرمی بینەرانی هەبووە.