ئیمان مونتەسر: کێشە لە گواستنەوەی رۆمان بۆ سیناریۆی فیلم هەیە


رووداو دیجیتاڵ

ئیمان مونتەسر، رۆماننووسی میسری و بەڕێوەبەری رێوڕەسمەکانی فێستیڤاڵی سینەمایی ئەسکەندەرییە لە میسر، ستایشی رێکخستن و گەرموگوڕیی دووەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی سینەمایی بەغدا کرد و تیشکی خستە سەر ئاڵنگارییەکانی گۆڕینی کاری ئەدەبی بۆ فیلمی سینەمایی. 
 
مەعد فەیاز، نێردراوی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ فێستیڤاڵەکە، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئیمان مونتەسر کە یەکێک لە میوانەکانی فێستیڤاڵەکەیە، سەرسامیی خۆی بە بەغدا و میوانداریی گەلی عێراق نیشاندا و گوتی: "فێستیڤاڵی بەغدا و هەموو بەغدا لەسەر سەرمان. لە عێراق زۆر دڵخۆش بووین. هەروەها ئەو فیلمانەی پێشاندران، بەڕاستی فیلمی زۆر نایاب بوون و بیرۆکەی نوێیان دەخستەڕوو".
 
ئەو نووسەرە میسرییە ئامادەبوونی فراوانی هونەرمەندانی عەرەب و جیهانی بە سەرکەوتنێکی گەورە بۆ فێستیڤاڵەکە لە قەڵەمدا و سوپاسی دکتۆر حیکمەت بەیزانی، سەرۆکی فێستیڤاڵەکەی کرد بۆ بانگهێشتکردنی و رەخساندنی ئەو دەرفەتەی کە بۆ یەکەمجار سەردانی بەغدا بکات و جوانییەکانی ببینێت.
 
وەک رۆماننووسێک کە شارەزایی لە بواری سینەمایشدا هەیە، ئیمان مونتەسر جەختی لەوە کردەوە، کێشەی سەرەکی لە سینەمای عەرەبیدا کەمیی چیرۆک و رۆمانی باش نییە، بەڵکو لە پرۆسەی گواستنەوەیەتی بۆ سیناریۆی فیلم. ئاماژەی بەوەدا کە "هونەری گۆڕینی رۆمان بۆ سیناریۆیەکی سەرکەوتوو" پیشەیەکی تایبەتە و پێویستی بە لێهاتوویی و تێگەیشتنێکی قووڵ هەیە لە هەردوو بواری ئەدەب و سینەما. گوتیشی: "زۆرجار رۆمانێکی زۆر سەرکەوتوو دەبێتە فیلمێکی شکستخواردوو، چونکە سیناریۆنووسەکە نەیتوانیوە رۆحی کارە ئەدەبییەکە بۆ زمانی وێنە بگوازێتەوە".
 
دووەمین فێستیڤاڵی سینەمایی بەغدا، کە بە ناوی محەممەد شوکری جەمیل، دەرهێنەری دیاری عێراقی کراوە، لە 15 تا 21ـی ئەیلوولی 2025 لەلایەن سەندیکای هونەرمەندانی عێراق بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی رۆشنبیری، گەشتوگوزار و شوێنەواری عێراق رێکخرا.
 
لە فێستیڤاڵەکەدا ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەستێرە عەرەبەکان و سینەماکارانی عێراق، رەخنەگر و میدیاکاران و میوانانی بیانی ئامادەبوون. شاندی وڵاتانی وەک سعودیە، کوەیت، تونس، میسر، لوبنان، ئوردن، سووریا و مەغریب بەشدارن و فیلمەکان لە چەندین بەشی جیاوازدا پێشاندران، لەوانە فیلمی درێژی سینەمایی، کورتەفیلم، بەڵگەفیلم و ئەنیمەیشن.