ژیریی دەستکرد؛ مەترسییە سەردەمییەکەی زمانی کوردی
رووداو دیجیتاڵ
رۆژی (21 شوبات) رۆژی جیهانیی زمانی دایکە، بە گوێرەی یونیسکۆ، نزیکەی 2500 زمان لە جیهان هەڕەشەی لەنێوچوونیان لەسەرە لە کۆی ئەو حەوت هەزار زمانەی هەن.
لێکۆڵینڤانێکی زانکۆی سەڵاحەدین، جگە لەو مەترسییە سیاسییانەی کە لەسەر زمانی کوردی هەن لە پارچەکانی کوردستان، ئێستا مەترسییەکی دیکەش لەسەر زمانی کوردی دروست بووە ئەویش مەترسی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و ژیریی دەستکردە و ئەگەر زمانی کوردی بە داتا و زانیاریی دەوڵەمەند نەکرێت ئەوا ژیریی دەستکرد دەبێتە فاکتەرێکی مەترسیدار بۆ زیاتر پەراوێزخستنی زمانی کوردی و خەڵک ناچار دەبن بە زمانی دیکە بەدوای داتا و زانیاریی بگەڕێن.
"مەترسییە سەردەمییەکە"
د. کارزان کەریم، لێکۆڵینڤان و مامۆستا لە زانکۆی سەڵاحەدین لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ کە مژارەکەی تایبەت بوو بە مەترسییەکانی سەر زمانی کوردی گوتی: بەگوێری سەرچاوەکان 15 هەزار ساڵ لەمەوبەر زیاتر لە 15 هەزار زمان لەنێو مرۆڤایەتی هەبوون و بەکارهێنراون، بەڵام لە 500 ساڵی رابردوو بەشی زۆری ئەم زمانانە پەیتا پەیتا بە هۆکاری سیاسی یان هەر هۆکارێکی دیکی لەنێوچوون و نەمان.
گوتیشی: "لەسەر بنەمای کۆمەڵێک پێوەر، لەگەڵ سەرهەڵدانی ژیری دەستکرد مەترسی لەنێوچوونی زۆرینەی زمانەکان سەریهەڵداوە و هەندێک توێژینەوە باس لەوە دەکەن تاوەکو ساڵی 2060 نزیکەی 50٪ی ئەو زمانانەی ئێستا هەن رەنگە لەنێوبچن و ساڵی 2100 نزیکەی 90٪ی زمانەکانی ئەمڕۆی جیهان لەنێوبچن، بە بەڵگەی ئەوەی هەر لە داتاکانی یۆنسکۆ 65٪ی کۆی مرۆڤی جیهان بە 16 زمانی سەرەکی قسە دەکەن، کە بێگومان لەو 16 زمانە زمانی کوردی تێدا نییە."
"ژیریی دەستکرد زۆر بەخێرایی گەشەی کرد، کاریگەرییەکی ئێجگار گەورەی لەسەر مرۆڤایەتی دروستکردووە، ئەو گەشەکردنە خێرایەی ژیریی دەستکرد کۆمەڵێک مەترسی بەدوای خۆیدا دەهێنێت و لەنێویشیاندا مەترسیی لەسەر زمان، بۆ پاراستنی زمانی کوردی لەو مەترسییە چاوەڕوانکراوەش پێویستە لە ئێستاوە داتا و زانیاریی پێویست بە زمانی کوردی ئامادە بکەین و تێکەڵی ئەم شۆڕشە تەکنەلۆژییەی بکەین کە جیهانی گرتووەتەوە" د. کارزان کەریم وای گوت.
نموونەشی هێنایەوە و گوتی: ئێستا ئەگەر پرسیارێک بە زمانی ئینگلیزی و تاوەکو رادەیەکیش بە زمانی عەرەبی لە ژیریی دەستکرد بکرێت ئەوا ژمارەیەکی زۆر زیاتر داتا و زانیاری دەدۆزێتەوە بەراورد بەوەی هەمان پرسیار بە زمانی کوردی لە سیستمەکە بکرێت، هەربۆیە ئەمە سەرەتای مەترسییەکەیە و ئەگەر هەرچەند زیاتر داتا و زانیاری بە زمانی کوردی تێکەڵی ژیریی دەستکرد نەکرێت، ئەوا لە ئایندەدا خەڵک بۆ دەستراگەیشتن بە زانیاریی و سەرچاوەی زیاتر زمانەکانی دیکە لە ژیری دەستکرد بەکاردەهێنن نەک زمانی کوردی.
"دەوڵەمەندی شیعر و هەژاری زانست"
هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ ماجید مەردۆخ رۆحانی، فەرهەنگنووسی دیاری کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان کە لە شاری سنەوە بەشداریی رووداوی ئەمڕۆی کرد باسی لەوەکرد کە لە شیعر و ئەدەب و کشتوکاڵ و ژیانی رۆژانە زمانی کوردی زمانێکی ئێجگار دەوڵەمەندە، بەڵام لە زانست و فەلسەفە هەژارە و نەتوانراوە وشەی گرنگ بۆ کایە زانستی و چەمکە هزرییەکان دابتاشرێت.
رۆحانی دەڵێت: زمانی کوردی زمانێکی بەربڵاوە، بەڵام لێهاتوو نییە، بەربڵاوە بەو واتایەی لە کشتوکاڵ و ژیانی رۆژانە و شیعر و سرووشت زۆر وشە و مانای لەبەردەستن و گەنجینەیەکی ئێجگار دەوڵەمەندی هەیە، بەڵام نەتوانراوە سوود لەو گەنجینەیە وەربگیرێت بۆ داتاشین و دروستکردنی وشەی لێهاتوو بۆ کایەکانی زانست و فەلسەفە و لێکدانەوە هزرییەکان، ئۆباڵی ئەم نالێهاتووییەی زمانی کوردی لە کایەی زانست و فەلسەفە لە ئەستۆی خۆمانە و ئێمەی کورد خۆمان لە هەموو نەتەوەکانی چوارلامان زیات مەترسییمان لەسەر زمانەکەی خۆمان دروست کردووە.
"پێویستە دەسەڵاتت هەبێت تاوەکو زمانەکەت بپارێزیت، ئێستا بۆ نموونە لە ئێران فێربوون و خوێندن بە هەر زمانێکی دیکە جگە لە زمانی فارسی بە هێڵی سوور دادەنرێت، دەسەڵات وادەکات زمانێک بسەپێندرێت و زمانێک لاواز بکرێت و دژایەتیی بکرێت، کورد بۆ ئەوەی زمانەکەی بپارێزێت پێویستە دەسەڵاتی هەبێت، دەرفەتێکی باش بۆ باشووری کوردستان هەبوو کە زمانەکەی بپارێزێت بەڵام وەکو پێویست نەپارێزرا و زمانەکانی دیکە بەسەریدا زاڵ کران و زیانی زۆریان بە زمانی رەسەنی کوردی گەیاند" ماجید مەردۆخ رۆحانی، فەرهەنگنووسی دیاری کورد وای گوت.
نموونەش بەوە دەهێنێتەوە کە ئاستی مەترسیی لەسەر زمانی کوردی لە باشووری کوردستان بە ئەندازەیەک هەڵکشاوە کاتێک هاتووە بۆ هەولێر بۆ بەشداریی لە رێورەسمی بڵاوکردنەوەی کۆبەرهەمی هەژاری شاعیر، لە هۆتێلێک ماوەتەوە ناچار بووە بە زمانی ئینگلیزی لەگەڵ بەشی پێشوازیی هۆتێلەکە گفتوگۆ بکات چونکە کوردییان نەزانیوە لە پایتەختی هەرێمی کوردستان.
"دەزگەیەک بۆ فەرهەنگی نیشتمانی"
میوانێکی دیکەی رووداوی ئەمڕۆ نەوا موکرجی بوو، ئەو کە نووسەر و وەرگێڕێکی گەنج و دیارە لە سلێمانی بە جلوبەرگی کوردی و ئاڵای کوردستانەوە هاتبووە ستۆدیۆی سەرەکیی رووداو لە هەولێر بۆ بەشداریی بەرنامەکە و پێیوایە کە ئەو مەترسییانەی لەسەر زمانی کوردی دروست بوون مەترسین لەسەر شوناس و ئایندەی کورد وەکو نەتەوە.
موکرجی دەڵێت: گەورەترین گرفتی ئێمە ئەوەیە دەزگەی فەرهەنگی نیشتمانیمان نییە لەکاتێکدا هەوڵێکی گەورە و بەرنامە بۆ داڕێژراو و مەترسیداری زمانکوژی هەیە دژی زمانی کوردی.
زێدەتر باسی لە مەترسییەکانی سەر زمانی کوردی کرد و گوتی: "ئێستا لە هەرێمی کوردستان زمانی کوردی تەنانەت زمانی کار نییە، کۆمپانیا گەورەکانی هەرێمی کوردستان بە زمانی ئینگلیزی و عەرەبی کار دەکەن و نامە فەرمییەکانیان بە زمانی دیکەی جگە لە کوردی ئاراستەی هاوبەشەکانیان دەکەن، ئەمە یەکێکە لە گەورەترین مەترسییەکانی سەر سمانی کوردی."
"کورد ئەگەر بیەوێت زمانەکە پارێزراو بێت، پیویستە دەزگەیەکی فەرهەنگیی نیشتمانیی هەبێت، دوور لە دەستوەردان و بەکارهێنانی بۆ بەرژەوەندی تایبەت و سوود لە زمانزانەکانی هەموو پارچەکانی کوردستان وەربگرێت بۆ گەڵاڵە کردنی فەرهەنگێکی دەوڵەمەند و لێوەشاوەی کوردی، تاوەکو زمانی کوردی ببێت بە زمانی زانست و هزر و تەکنەلۆژیا و کار و هەموو کایەکانی دیکەی ژیان لە کوردستان." بە گوتەی موکرجی
"ئامارە مەترسیدارەکان"
لە بەشێکی دیکەی بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ د. کارزان کەریم، لێکۆڵینڤان و مامۆستا لە زانکۆی سەڵاحەدین باسی لە چەند داتایەک کرد کە بە "ئاماری مەترسیدار" لە هەرێمی کوردستان نێوی برد و گوتی بەپێی بەدواداچوونەکانمان لە ساڵی 2017 تاوەکو ساڵی 2024 لە قۆناخەکانی خوێندن زمانی کوردی بە ئاستێکی مەترسیدار پشتگوێ خراوە بۆ نموونە لە 152 باخچەی ساوایان منداڵان بە زمانی کوردی فێرناکرێن، لەکاتێکدا کە بەپێی یاسای زۆرێک لە وڵاتان منداڵ پێویستە تاوەکو تەمەنی 12 ساڵی تەنیا بە زمانی دایکی بخوێنێت.
هاوکات، 121 قوتابخانەی بنەڕەتی هەن لە هەرێمی کوردستان بە زمانی کوردی ناخوێنن یان زمانی ئینگلیزی زمانی سەرەکییانە، 72 قوتابخانەی ئامادەیی بە هەمان شێوە زمانی کوردی ناخوێنن، 73 پەیمانگەی نا حکومی و 27 قوتابخانەی نێودەوڵەتی زمانی کوردی ناخوێنن و بە کۆی گشتی لە 445 ناوەندی خوێندن زمانی کوردی بە هیچ شێوەیەک رۆڵی سەرەکی نەماوە.
بەپێی ئینسکلۆپیدیای نیشتمانیی سوێدی بۆ ریزبەندی زمانە جیهانییەکان، لە جیهاندا 100 زمان زۆرترین خەڵک قسەیان پێدەکەن کە زمانی کوردی لە ریزبەندی 59ـیەمین زمانی جیهاندایە و 21 ملیۆن کەس بەکاریدەهێنن کە دەکاتە 0.31%ـی دانیشتووانی جیهان.