مەروان داود کۆمەڵە چیرۆکی (کەزی) بڵاودەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
مەروان داود، نووسەر و رۆژنامەڤان، نوێترین بەرهەمی ئەدەبیی خۆی بە ناوی (کەزی) بڵاوکردەوە. ئەم بەرهەمە کە لە 15 چیرۆک پێکهاتووە، تیشک دەخاتە سەر کێشە جڤاکییەکانی کوردستان و چەندین وڵاتی ناوچەکە.
رۆژی پێنجشەممە، 23ـی نیسانی 2026، مەروان داود بە رووداوی گوت: کتێبی (کەزی) لە لایەن (ماڵی شنگالی هونەری) چاپ و بڵاوکراوەتەوە و لە 80 لاپەڕە پێکهاتووە. دیزاینی بەرگی پەرتووکەکە لەلایەن راستی خەلیلەوە کراوە.
بەرهەمەکە بە زمانی کوردی (کرمانجیی سەروو) نووسراوە و نووسەر دەڵێت: "دەردەنجامی ساڵێک هەوڵ و ماندووبوونمە".
مەروان داود لەبارەی ناوەڕۆکی چیرۆکەکانەوە ئاماژە بەوە دەکات، "هەر چیرۆکێک باسی مژار و کێشەیەکی جڤاکی دەکات لە ناوچە و وڵاتە جیاوازەکانی وەک کوردستان، عێراق، ئێران، سووریا، تورکیا، لوبنان، میسر و باشووری سوودان. هەروەها لە نێو چیرۆکەکاندا، باسی ژیانی دوو کچی ئێزدی کراوە کە لە لایەن رێکخراوی تێرۆریستیی داعشەوە رفێندرابوون."
سەبارەت بە هەڵبژاردنی ناوی (کەزی) بۆ ئەم بەرهەمە، نووسەر رایدەگەیێنێت، هەرچەندە ساڵێک پێش ئێستا دەستی بە نووسینی کردبوو، بەڵام دوای سەرهەڵدانی شەڕی ئەم دواییەی رۆژئاوای کوردستان و بڕینی کەزیی کچە کوردێک، بڕیاریدا چیرۆکێک بۆ کوردانی رۆژئاوای کوردستان زیاد بکات و ناوی پەرتووکەکەش بکاتە (کەزی).
مەروان داود، نووسەری بەرهەمەکە، خەڵکی شنگالە و ماوەی 11 ساڵە لە دهۆک دەژی. دەرچووی بەشی زمانی کوردییە لە زانکۆی دهۆک و پێشتر چەندین گوتار و نووسینی لە رۆژنامە و گۆڤارە کوردی و عەرەبییەکاندا بڵاوکردووەتەوە. هەروەها نووسەری بەرهەمێکی دیکەیە بە ناوی (ئاوازێن هێژیران) کە باسی هونەرمەندە فۆلکلۆرییەکانی شنگال دەکات.