فیلمی 'تەمی بابا'.. ژانری تاوان، نهێنی ئامێز و دراماییە

 
رووداو - گەرمیان

"تەمی بابا" فیلمێکی نوێی سینەماییە و تۆڕی میدیایی رووداو سپۆنسەری میدیایی فیلمەکەیە، لە دەرهێنانی زانیار فەتاحە و لە ژانری تاوان، نهێنی ئامێز و دراماییە.
 
زانیار فەتاح، دەرهێنەر دەڵێت، "ئەم هێزی کارە کە ئێوە دەیبینن، بە خۆشحاڵییەوە هەر هەمووی کوردییە، جاران فیلممان دروست دەکرد دەبوایە ستافەکە هەمووی لە دەرەوەی وڵات بهاتنایە، بەڵام بە خۆشحاڵییەوە ئێستا ستاف لە شۆفێرەوە بۆ پرۆدیوسەر هەموو شوێنەکان و هەموو بەشەکان، هەر هەمووی کوردە، لۆکەیشنەکان هەمووی ناوچەکانی کوردستانە، ناوچەی شاخی تێدایە، ناوچەی دارستانی تێدایە، ناوچەی سەختی تونی بابای تێدایە."
 
فیلمەکە بەرهەمی کۆمپانیای میترۆنۆم پڕۆدەکشنە و باهۆز نەسرەدین بەرهەمهێنەریەتی، کە پێشتر بەرهەمهێنەری فیلمی سینەمایی "پەیکەری دڵ" بووە.
 
باهۆز نەسرەدین، بەرهەمهێنەر ئاماژە بەوە دەکات، "کاتی بڵاوکردنەوەی لە هەموو کوردستان و عێراق لە یەک کاتدا دەبێت، لە رێگەی تۆڕی میدیایی رووداوەوە پلاتفۆرمەکانی فیلمەکە بڵاودەکرێتەوە، بەمزووانە بڵاویدەکەینەوە کە کاتی نمایشەکان کەی دەبێت. لە یەک کاتدا لە هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، کەرکووک و بەغدا بڵاودەکرێتەوە، پاش چەند رۆژێک لە دەرەوەی کوردستانیش بڵاودەکرێتەوە."
 
هەریەک لە شەماڵی عەبەڕەش، هەڵوێست محەممەد، هەردی سەلامی، شوان کەریم، هەژان هێرش، کاڵێ ئازاد و کاردۆ عەزیز رۆڵی تێدا دەگێڕن.
 
هەڵوێست محەممەد، ئەکتەر دەڵێت، "بە دڵنیاییەوە کاری گۆرانی گوتن بۆ من سوودی هەبووە، بەرهەمێکم سوودی هەبووە وەکو ئەزموون، بەڵام ئەوەی ئایا قورسە یان قورس نییە؟ حەزی خۆت دەور دەبینێت، هەوڵدانی خۆت دەور دەبینێت و ئەمە ئەوە ناگەیێنێت کە من وازم لە گۆرانی گوتن هێنابێت. سیدییەکی تازەم هەیە لە رۆژانی جەژن بڵاودەبێتەوە."
 
هەژان هێرش، ئەکتەر گوتی، "زۆر دڵخۆشم، بۆ من ئەزموونێکی تازەیە، چونکە بۆ من زۆر قورسە بەڕاستی، لەبەرئەوەی سێ ئەزموونی درامام هەیە لە چەند قۆناخێکی جیاوازی تەمەنمدا بەشدار بووم، بەڵام ئەمجارە فیلمێکی تازەی سینەمایی ئاوا گەورە، لە چەند شوێنێکی کوردستان بۆ من ئەزموونێکی زۆر خۆش بوو. قورس بوو، نوێ بوو، هیوادارم ببێتە جێی رەزامەندیی بینەران."
 
ماوەی فیلمەکە 105 خولەکە و لە تونی بابا، بیارە و ئەشکەوتی جاسەنە وێنە گیراوە و بڕیارە لە 10 شوێنی نێوخۆیی شار و شارۆچکەکان و 12 شاری نێودەوڵەتی نمایش بکرێت، ترەیلەی فیلمەکە لەڕێگەی تۆڕی میدیایی رووداو بڵاوکرایەوە.