کۆنسێرتی "پێکەوە لەگەڵ هاوڕێیان" لە سلێمانییەوە بۆ قەڵای هەولێر


رووداو دیجیتاڵ

لە سلێمانی کۆنسێرتی "پێکەوە لەگەڵ هاوڕێیان" بەڕێوەچوو و میوزیکی کوردی و رۆژئاوایی ئاوێتەکران و بڕیارە لە هەولێریش پێشکێش بکرێت.
 
کۆنسێرتەکە ئێوارەی هەینی 22ـی تشرینی دووەمی 2024 لە هۆڵی تەواری سلێمانی، لەلایەن سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان سازکرا و چەند بەرهەمێکی میوزیکی پێشکێشکران.
 
نیاز نووری، سەرۆکی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان و ژەنیاری بەشداربوو لە کۆنسێرتەکەدا، بە رووداوی راگەیاند، لە دوای سازکردنی کۆنسێرتەکە لە سلێمانی، بڕیارە کاژێر حەوتی ئێوارە ئەمڕۆ شەممە، کۆنسێرتەکە لە سەر قەڵای هەولێر پێشکێش بکرێت.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کۆنسێرتەکە تێکەڵکردنی میوزیکە لەلایەن هونەرمەندانی رۆژئاوایی و رۆژهەڵاتی و شێوازێکی تازەی ئاوێتەکردنی شێوازە جیاوازەکانی میوزیکە و ئێستا لە جیهاندا باوە.
 
هونەرمەندانی بەشداربوو بریتین لە ینۆن موالیم بە ئامێری ریتم، سامان ئەلیاس بە ئامێری کلارنێت، زانا عەزیز بە ئامێری چەلۆ، نیاز نووری بە ئامێری ڤیۆلا، توانا خورشید و بەختیار ئەمین بە ئامێری ڤایۆلین و هەردی مەجید بە دابەشکردنی میوزیک بەشداربوون.