لە دووەم دیداری فیلمی کوردی فینلاند 23 کورتەفیلم نمایشکران
رووداو - فینلاند
لە ھێلسینکی پایتەختی فینلاند دووەم دیداری فیلمی کوردی فینلاند پاش نمایشکردنی 23 کورتەفیلم و فیلمی بڵند بەڕێوەچوو.
بە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە فینلاندییەکان و نەتەوەکانی دیکە، دووەم دیداری فیلمی کوردی فینلاند لە رۆژانی 8 و 22 و 23 مانگی یازدە بەڕێوەچوو، دیدارەکە لە دوو قۆناخ و پاش نمایشکردنی 23 فیلم بە ناوەڕۆکی کوردستان کۆتاییهات.
رەسوڵ خوڕەم، بەڕێوەبەری ئەم چالاکییە سەبارەت بە چالاکییەکانی دووەم دیداری فیلمی کوردی فینلاند رایگەیاند "بەبێ پشتگیری حیزبی و ئەنجوومەنە کوردییەکانی وڵاتی فینلاند، پاش دابینکردنی سینەما لەلایەن شارەوانی ھێلسینکی لە ناوەندەکانی کولتووری ماڵمی تاڵۆ و ستۆوا، ھەوڵماندا لە رێگەی فیلم و زمانی سینەما، فینلاندییەکان بە بارودۆخی کوردستان ئاشنابکەین".
فیلمەکانی دووەم دیداری فیلمی کوردی فینلاند لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیی سینەمای ھەولێر و سلێمانی، ماڵی فیلم، مەستی فیلم و ھەروەھا راستەوخۆ لە رێگەی سینەماکارانی کورد پێشکەشی ئەم چالاکییە کراون.
رەسوڵ خوڕەم کوردی رۆژهەڵاتی کوردستانە و دانیشتووی وڵاتی فینلاندە، بە تەنیا لە رێگەی چالاکییەکانی کردنەوەی پێشانگەی وێنە و رێکخستنی دیداری فیلم، لە ماوەی 9 ساڵی ژیانی لە تاراوگە بەردەوام هەوڵیداوە کوردستان بە خەڵکانی ئەوروپا بناسێنێت.