جاکی چان بە ئەکشنەوە دەگەڕێتەوە سینەما
رووداو دیجیتاڵ
نوێترین فیلمی جاکی چان لە سینەماکانی جیهان دەستیپێکردووە و بڕیارە لە 30ـی ئەم مانگە لە سینەماکانی ئەمریکا پێشانبدرێت کە بە گرنگترین بازاڕی سینەما لە جیهاندا دەناسرێت، تێیدا ئەو ئەکتەرە جیهانییە لە تەمەنی 71 ساڵیدا رۆڵی پڕ لە جووڵەی لە فیلمێکی ئەکشندا هەیە.
"Karate Kid: Legends" نوێترین فیلمی جاکی چان، ئەستێرەی هۆنگ کۆنگی و هۆلیوودییە کە دوای تێپەڕبوونی 15 ساڵ، جارێکی دیکە لە فیلمێکی ئەکشندا دەگەڕێتەوە، تێیدا وەک مامۆستا و راهێنەرێکی کۆنگفۆ دەردەکەوێتەوە.
فیلمەکە نوێترین بەشی زنجیرە فیلمی "Karate Kid"ـە، تێیدا باس لە یاریزانێکی گەنجی کۆنگفو بە ناوی لی فۆنگ دەکات، کە لەگەڵ دایکیدا روو لە شاری نیویۆرک دەکات بۆ ئەوەی بچێتە قوتابخانەیەکی نوێی بەناوبانگ. دوای ئەوەی سەرنجی پاڵەوانێکی بەهێزی کاراتێی ناوچەکە رادەکێشێت، لی فۆنگ بە پاڵنەرێکی بەهێزەوە بۆ بەرگریکردن لە خۆی، گەشتێکی نوێ دەستپێدەکات بۆ بەشداریکردن لە پێشبڕکێی کۆتایی کاراتێدا.
لەم رێگایەدا، لی فۆنگ سوود لە رێنوێنی مامۆستای کۆنگ فۆکەی، مامۆستا هان دەبینێت کە جاکی چان رۆڵی دەگێڕێت.
جاکی چان، رایگەیاندووە، سەرەڕای ئەوەی لە کاتی وێنەگرتنی دیمەنە ئەکشنەکانی فیلمەکە هەستی بە ئازار کردووە، بەڵام زۆر دڵخۆشە بە بەشداریکردنی دووبارەی لەم زنجیرە فیلمەدا و سەرکەوتنی بەرهەمەکەیان.
چان، لە تەمەنی منداڵییەوە دەستی بە فێربوونی هونەرە جەنگییەکان کردووە و لە زیاتر لە 150 فیلمدا رۆڵی گێڕاوە، لەوانەش Enter the Dragon""، "Rush Hour"، "Shanghai Noon و "Kung Fu Panda"، بە یەکێک لە کاریگەرترین کەسایەتییەکانی سینەمای هونەرە جەنگییەکان دەناسرێت.
"Karate Kid: Legends" لە دەرهێنانی جۆناسان ئینتویستڵە و ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەستێرە دیارەکانی سینەما رۆڵی تێدا دەگێڕن.