لە کەنەدا مامۆستایەکی کورد بووکەڵەیەک بۆ فێربوونی زمانی کوردی بەکاردێنێت
رووداو دیجیتاڵ
فێربوونی زمانی کوردی بۆ منداڵانی کورد لە دیارسپۆرا بووەتە ئاڵنگارییەکی گەورە، لە کاتێکدا نەتەوەکانی دیکە بەهۆی بوونی سیستەم و دامەزراوەی ڕێکوپێک و پاڵپشتیی وڵاتەکانیان، بە ئاسانی زمان و کولتووری خۆیان دەپارێزن. لەنێو ئەم بۆشاییەدا، هەوڵە تاکەکەسییەکان دەبنە چرایەکی پرشنگدار. پەری چەلەبی، مامۆستایەکی دانیشتووی کەنەدایە، یەکێکە لەو دڵسۆزانەی کە بە داڕشتنی میتۆدێکی نوێ و سەردەمیانە هەوڵی پڕکردنەوەی ئەو کەلێنە دەدات.
لەسەر ئەم مژارە پەری چەلەبی میوانی بەرنامەی دیاسپۆرا بوو و رایگەیاند، سیستەمی فێرکردنی ئەو لەسەر بنەمای سیستەمی مۆدێرنی ئەمریکی-کەنەدییە، تێیدا منداڵ سەنتەرە و بەشدارێکی چالاکە لە پرۆسەی فێربووندا. ئەو رەخنەی لە سیستەمی کۆنی پەروەردە گرت و گوتی "سیستەمی کۆن منداڵی وەک سەربازێک لێکردبوو، قوتابخانەش وەک سەربازگەیەک وابوو، منداڵ تەنیا وەرگر بوو و هیچ دەرفەتێکی پرسیارکردن و داهێنانی نەبوو."
لە میتۆدە نوێیەکەیدا، کە لە رێگەی پۆلی ئۆنلاینەوە بەڕێوەدەچێت، منداڵ دەتوانێت لەگەڵ مامۆستا ببێتە هاوبەش لە وانەگوتنەوەدا، ئەم شێوازە بەتایبەتی بۆ ئەو منداڵانە گونجاوە کە بەهۆی حاڵەتی وەک (ADHD) ناتوانن بۆ ماوەیەکی زۆر سەرنجیان لەسەر یەک بابەت بێت، چونکە وانەکان بەشێوەیەکی کارلێککارانە بەڕێوەدەچن و پێکەوە بەشداریی بە هەموو منداڵەکان دەکات.
یەکێک لە هۆکارە سەرنجڕاکێشەکانی ئەم میتۆدە، بەکارهێنانی بووکەڵەیەکە بە ناوی "جوانە" کە وەک هاوکارێکی مامۆستا پەری لە پۆلدا ئامادەیە، پەری چەلەبی لەمبارەیەوە دەڵێت :"منداڵان زۆر زوو لەگەڵ بووکەڵەکە پەیوەندی دروست دەکەن، بەڕای من منداڵ لە منداڵەوە باشتر فێر دەبێت و کاتێک شتێک لە هاوتەمەن یان بووکەڵەیەکەوە دەبیستێت خێراتر وەریدەگرێت."
بیرۆکەی ئەم کارە بۆ ئەو کاتە دەگەڕێتەوە کە پەری چەلەبی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و لە ورمێ مامۆستا بووە. ئەو لەوێ زوڵمێکی گەورەی بەرامبەر بە منداڵی کورد بینیوە، کاتێک منداڵەکان لە مامۆستا تورک و فارسەکان تێنەدەگەیشتن و پرۆسەی خوێندن بۆیان بێمانا بوو، هەر لەوێوە بڕیاری داوە کە دەبێت کورد خاوەنی سیستەم و کتێبی پەروەردەیی تایبەت بە خۆی بێت و جوان و سەردەمیانە بێت.
ئێستا دایکان و باوکان لە هەر شوێنێکی جیهان بن، دەتوانن سوود لەم دەرفەتە وەربگرن، کتێبەکانی ئەم پڕۆژەیە لە رێگەی ماڵپەڕی (Bawandata.org) بەردەستن، هەروەها بۆ بەشداریکردن لە پۆلە ئۆنلاینەکان، دەتوانن لە رێگەی ئیمەیڵی (preschool@bawandata.org) یان پەیجی ئینستاگرامی "پەری و پەپوولەکان" پەیوەندی بکەن و بەپێی وڵات و ئاستی زمانی منداڵەکانیان، کاتی گونجاویان بۆ دادەنرێت.