لە کان ئەکتەر و سینەماکارە بەنێوبانگەکانی جیهان قسەیان بۆ رووداو کرد
رووداو - فەڕەنسا
چالاکییەکانی 72مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان لە 14 تاوەکو 25 ئەم مانگە لە شاری کانی فەرەنسا بەڕێوەچوو، دوو فیلمی کوردی تێیدا بەشداربوون و تۆڕی میدیایی رووداو رووماڵێکی تایبەتی بۆ ئەو رووداوە گرنگە سینەماییە کرد.
یەکێک لە گرنگترین فیلمە سینەماییەکانی لە فێستیڤاڵەکەدا پیشاندرا، فیلمی "Once Upon a Time in Hollywood" بوو کە ئالپاچینۆ، لیۆناردۆ دیکاپریۆ و براد پێت رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕن، کوینتین تارانتینۆ کاری دەرهێنانی بۆ کردووە.
سلڤستەر ستالۆن، ئەکتەری سینەمایی ئەمریکی، بە فیلمێک لە چالاکییەکانی فێستیڤاڵ بەشداربوو، ئەویش بەشی پێنجەمی زنجیرە فیلمی سینەمایی "Rambo" بەناوی "Last Blood" کە بڕیارە لە 20ـی سێپتێمبەری ئەمساڵ بڵاوبکرێتەوە.
لە خولی ئەمساڵی فێستیڤاڵی کاندا ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەستێرەکانی سینەمای بۆڵیوود بەشداربوون، لەوانە ئیشواریا رای، پریانکا چۆپرا و دیانا پێنتی.
لە چوارچێوەی چالاکییەکانی فێستیڤاڵی کاندا، دوو فیلمی کوردی بەشداربوون، ئەویش فیلمی بەڵگەنامەیی "دیالۆگ" لە دەرهێنانی سەلیم یەلدز و کورتەفیلمی "بارگرانۆ" لە دەرهێنانی یەڵماز ئۆزیل.
فێستیڤاڵی فیلمی کان بە یەکێک لە گرنگترین فێستیڤاڵە سینەماییەکانی جیهان دەناسرێت، یەکەم خولی لە ساڵی 1946 بەڕێوەچوو، ساڵانە لە مانگی ئایار لە شاری کان لە باشووری فەڕەنسا بەڕێوەدەچێت.