رۆژین دەبێتە پێشمەرگە

رووداو- کەرکووک

هونەرمەند رۆژین بەرەكانی جەنگ لە بەشیر و مەلا عەبدوڵڵا و تەل وەرد بەسەر دەكاتەوە.

ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 27.7.2014، هونەرمەندی رۆژین بە جلوبەرگی كوردی و چەكەوە بەرەكانی جەنگ لە بەشیر و مەلا عەبدوڵڵا و تەل وەرد لە سنووری پارێزگای كەركووك بەسەر دەكاتەوە و بۆ ماوەی زیاتر لە دوو كاژێر لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگە دەمێنێتەوە و بەدەیان وێنە لەگەڵ پێشمەرگەكانی كوردستان لە سەنگەرەكان دەگرێت.

رۆژین لەلێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە گۆرانییەكی نوێدا ناوی كەركووكم هێناوە و جارێ هیچ شتێك لەبارەی گۆرانییەكەوە ئاشكرا ناكەم و ئەمرۆش هاتووم بۆ ئەوەی بە پێشمەرگەكان بڵێم ئێمە شانازیتان پێوە دەكەین و كاتێك ورەی پۆلاینی ئەو پێشمەرگانەم بینی، دەستم بە گریان كرد".

رۆژان هەروەها گوتی، "بەبینینی سنووری كوردستان و هێزەكانی پێشمەرگە لەو سنوورە، زۆر دڵخۆش بووم".