لە فێستیڤاڵێکدا لە شارباژێڕ 13 کورتە فیلمی پەروەردەیی نمایش کران


رووداو دیجیتاڵ 

یەکەمینجارە ژانەرێکی جیاوازی سینەما لە هەرێمی کوردستان نمایش دەکرێت، بۆیە خەڵکێکی زۆر کۆبوونەتەوە بۆ تەماشاکردن. 
 
شوێنەکە هۆڵی نمایشە لە قەزای چوارتا، 13 کورتە فیلم لە چوارچێوەی "فێستیڤاڵی کورتە فیلمی پەروەردەیی شارباژێڕ" کە بەرهەمی مامۆستا و خوێندکارانی قوتابخانەکانی سنووری قەزای شارباژێڕن نمایش دەکرێت.
 
لەتیف حوسێن، بەڕێوەبەری پەروەردەی شارباژێر بە رووداوی گوت: "لە راستیدا سەرەتا ئەم بیرۆکەیە بۆ ئێمە قورس بوو، چونکە ئێمە نە ئەکتەرین نە سینەماکارین، بەڵام توانیمان لە رێگەی مامۆستایانی هونەرەوە بەشێک لە مامۆستا و خوێندکارەکان رابهێنین کە بەشداربن لە بەرهەمهێنانی ئەو کورتە فیلمانەدا." 
 
مامۆستا و خوێندکارێک کە لە دوو کورتە فیلمی جیاواز بەشدارییان کردووە، دەڵێن کارەکەیان نوێ و جیاواز بووە.
 
رێبین ساماڵ، سەرپەرشتیاری پەروەردەییە و ئەکتەری یەکێک لە کورتە فیلمەکانە، بە رووداوی گوت: "ئەو بابەتەی من فیلمم لەسەر کردووە، بابەتێکی مێژووییە و مێژووش بەشێکە لە پەروەردە، بە حوکمی ئەوەی کە فێستیڤاڵەکە لە شارباژێڕە بە گرنگمان زانی کە کورتە فیلمەکە لەسەر مێژوویی شارباژێڕ بێت." 
 
یەحیا رێباز، خوێندکاری پۆلی دوو بنەڕەتییە و لەبارەی کورتە فیلمەکەیەوە گوتی: "من لە کورتە فیلمێک بەشداریم کردووە بەناوی فلاش و باس لە ئاژەڵدۆستی دەکات و خۆشحاڵم کە کارەکەم لێرە نمایش کرا." 
 
ئەرینا خەڵکی ناحیەی خانەسووری شنگالە، ئەو لە منداڵییەوە لە شارباژێڕ ژیاوە و ئێستاش خوێندکاری بنەڕەتییە، ئەو لە کورتە فیلمێک لەبارەی ژیانی ئێزدییەکان بەشداربووە.
 
ئەینوس عیسا، خوێندکارێکی کوردی ئێزدییە و گوتی: "کورتە فیلمەکەی من ناوی شەڕ و پەنابەرە، باس لەوە دەکات کە ئێمە دەگەڕێینەوە بۆ جێگەی خۆمان و لەوێ دڵخۆشتر دەبین، هەروەها لەنێو خەڵک و ئاینزا و شوێنی خۆماندا دەبین." 
 
ژمارەیەک هونەرمەندی دیاری کوردستان هەڵسەنگاندنیان بۆ بەرهەمە هونەرییەکان کردووە و وەزارەتی پەروەردەش خەڵاتی براوەکان دەکات
 
د. ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند: "زۆرجار بە ئێمە دەڵێن وەزارەتی پەروەردە تەنها خەریکی فێرکردنە و وازی لە پەروەردە هێناوە، بەڵام لە راستیدا وانییە، ئەوەتا بەهۆی هاوکارییەکانی ئێمەوە ئەم مامۆستا و خوێندکارانە 13 کورتە فیلمیان بەرهەمهێناوە و هەمووشیان پەیامی زۆر باش و جیاوازیان هەڵگرتووە." 
 
نمایشی کورتە فیلمەکان دوو رۆژ بەردەوام دەبێت، وەزارەتی پەروەردە دەیەوێت بۆ ساڵی داهاتوو فیستڤاڵەکە فراوانتر بکات بۆ سەر ئاستی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان.