15یەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە بەرلین بەڕێوەدەچێت
رووداو دیجیتاڵ
لە بەرلین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی بەڕێوەدەچێت، رێکخەری فێستیڤاڵەکە وردەکاریی ئەو رووداوە هونەرییەی لە (دیاسپۆرا)ـی رووداو خستەڕوو و ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، زیاتر لە 50 فیلم لە فێستیڤاڵەکە بەشدارن.
رێزان عەبدولعەزیز، رێکخەری فێستیڤاڵ، بە رووداوی راگەیاند: "ئەمە پازدەهەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردییە کە لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت، لەبارەی کردنەوەکە فیلمی دەستپێکمان بەرهەمی دەرهێنەر نەفشە بێریڤان بوو، باس لە کچێکی ئێزدی دەکات کە لە ئەورووپا بۆ مافەکانی خۆی تێدەکۆشێت".
گوتیشی: "وەکو هەموو ساڵێک بابەتی تایبەتمان هەیە، بابەتی فێستیڤاڵی ئەمساڵیشمان پێکەوەژیانە، ئێمە باسی پێکەوەژیانی پێکهاتەکانی کوردستان دەکەین، زیاتر لە 50 فیلم هەن، لەوانە بەڵگەفیلم، فیلمی درێژ و کورتەفیلم".
روونیشیکردەوە: فێستیڤاڵەکە "تاوەکو یەکی تشرینی یەکەم بەردەوام دەبێت و ئێمە زۆر خۆشحاڵ دەبین بە بەشداریکردنتان، جگە لە پڕۆگرامی فیلمەکان، پڕۆگرامی دیکەشمان هەیە، پێشانگەیەک بە ناوی (Thinking Like a Mountain) بە سەرپەرشتی سێچکین ئایدن هەیە، هەروەها دوو نووسەر رۆژی یەکشەممەی داهاتوو کتێبەکانیان پێشکێش دەکەن".
هەروەها گوتی: "30ـی ئەم مانگە رێوڕەسمی کۆتاییمان هەیە، زۆر دڵخۆش دەبین بە هاتنتان، ئێلیانۆر کە کچێکی فەرەنسییە بەشداری دەکات و ئێمە زۆر خۆشحاڵ دەبین بە بەشداریکردنتان".