شێوازێكی نوێ بۆ لێنانی برنج دەدۆزرێتەوە
رووداو - washington post
برنج، خواردنی سەرەكییە لە زۆر وڵاتی جیهان و رەنگە بەربڵاوترین خواردن بێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی كالۆرییەكی زۆری تێدایە كە كێشی جەستە زیاددەکەن، هەندیك كەس خۆیان لە خواردنی بەدووردەگرن و ئێستاش زاناكان رێگایەكیان دۆزیوەتەوە بۆ ئەوەی رێژەی كالۆرییەكانی نێوی كەمبكەنەوە.
خوێندكارێكی بەشی زانستی كیمیا لە زانكۆی سریلانكا و مامۆستاكەی، رێگایەكیان دۆزیوەتەوە بۆ ئەوەی رێژەی لەسەدا پەنجای كالۆرییەكانی نێو ژەمێك خواردنی برنج كەمبكەنەوە و چەندین سوودی تەندروستیشیان بۆی زیادكردووە، بۆ ئەم مەبەستەش چەند فیڵێكی كیمیاییان بەكارهێناوە.
سودهەی جەیمس، كە رۆژی دووشەممە لێكۆڵینەوەكەی لەمبارەیەوە لە ئەمریكا بڵاوكردووەتەوە دەڵێت:" برنجەكە بە شێوازی ئاسایی خۆی لێدەنێین، بەڵام كاتێك ئاوەكە دەكوڵێت و پێش ئەوەی برنجەكەی تێبكەین، رۆنی گوێزهیندی بەڕێژەی لەسەدا سێی برنجەكە تێدەكەین"، دەشڵێت " دوای ئەوەی ئامادەبوو، لەنێو بەفرگر بۆ ماوەی 12 كاژێر ساردمانكردوەوە و ئەمەش هەموو رێگایەكەیە بۆ كەمكردنەوەی كالۆرییەكانی برنجەكە".
چۆن ئەمە روودەدات ؟
بۆ ئەوەی لە چۆنییەتی كەمبوونەوەی كالۆرییەكان تێبگەیت، دەبێت كەمێك دەربارەی كیمای خواردن شارەزاییت هەبێت.
رێژەیەکی هەرە زۆری برنج نیشاستەیە، هەموو جۆرە نیشاستەیەكیش وەكو یەكدی نین، هەندێكیان كاتێكی كەم دەخایەنن بۆ ئەوەی هەرسبكرێن و بە زووی دەگۆڕێن بۆ گلۆكۆز و دواتریش دەبنە گلیكۆجین، ئەو گلیكۆجینە زیادەیەش دەبێتە هۆی زیادبوونی كێش ئەگەر بێت و وزەی زۆر بەكارنەهێنین.
لە هەمان كاتدا هەندێك جۆری دیكەی نیشاستە، كاتێكی زیاتر دەخایەنن بۆئەوەی هەرسبكرێن و نابنە گلۆكۆز و گلیكۆجین، لەبەرئەوەی جەستەمان ناتوانێت هەرسیان بكات، بەمەش كالۆرییەكی كەمتر بە جەستە دەدەن.
بۆیە بە دۆزیەوەی رێگایەكی نوێی بۆ لێنانی برنج، دەتوانرێت جۆری نیشاستەكان بگۆڕین ئەگەربێت و بە رێگایەكی دیكە لێبنرێت.
دكتۆر پوشپارجا زاڤاراجا، ئەو پرۆفیسۆرەی كە سەرپەرشتی لێكۆڵینەوەكە دەكات، لەمبارەیەوە دەڵێت:" ئەگەر بتوانی نیشاستەی هەرسكراو لە خواردنێكی وەكو برنجدا بگۆڕین ئەوا دەتوانی كالۆرییەكانی كەمبكەیتەوە و ئەمەش كاریگەرییەكی زۆری دەبێت".
بە تێگەیشتن لەم گۆڕانە كیمیاییە خوێندكار و پرۆفیسۆرە سەرپەرشتیارەكەی لە زانكۆی سریلانكا، 38 جۆری جیاوازی برنجیان تاقیكردوونەتەوە و بۆیان دەركەوتووە لە كاتێكدا رۆنی گوێزهیندی ( بۆیە ئەم رۆنەیان بەكارهێناوە، چونكە ئەم رۆنە بە رێژەیەكی زۆر لە سریلانكا بەكاردێت) پێش ئەوەی برنجەكە لێبنرێت، و دواتر راستەوخۆ بخرێتە نێو بەفرگرەوە توانیویانە پێكهاتەكەی بگۆڕن و باشتری بكەن، لە رووی كەمكردنەوەی كالۆریی و زیادكردنی بەهای خۆراكییەوە.
جەیمس لەمبارەیەوە دەڵێت:" رۆنەكە كارلێك لەگەڵ نیشاستەكە دەكات و پێكهاتەكەی دەگۆڕێت و ساردكردنەوەشی ئەو گۆڕانكارییە باشتردەكات، بەمەش لە هەمان ژەمە خواردنا کالۆرییەکی کەمتر بەرهەمدێت".