گۆرانی ئینزیبات بە فیشەك بریندار کرا

رووداو - سلێمانی 

گۆرانی ئینزبات، گۆرانیبێژی میللی شاری سلێمانی بە فیشكێك بریندار كرا، سەرۆكی كۆمەڵەی هونەری میللی كوردستانیش رایگەیاند " گۆرانی ئیزیبات بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە لەسەر زەویوزار تەقەی لێکراوە".

جەزای ساز، سەرۆكی كۆمەڵەی هونەری میللی كوردستان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، كاژێر 11:40خولەكی پێشنیوەڕۆی رۆژی دووشەممە 28-3-2016 لە شەقامی پیرەمێرد نزیك (بازاڕی مەجیدبەگ)، كەسێكی بەتەمەن بە فیشەكێك گۆرانی ئینزباتی برینداركرد.

ئەو گوتیشی "فیشكەكە بەر گورچیلەی كەوتووە، ئەوەندەی ئاگاداریش بم كێشەكە كۆمەڵایەتییە و لەسەر زەویوزارە، ئەو كەسەش كە تەقەی لێكرد دەستگیراكراوە".


سەرۆكی كۆمەڵەی هونەری میللی كوردستان روونیشیكردەوە " ئێستا ئەو گۆرانیبێژە میللییەی شاری سلێمانی لە نەخۆشخانە لەژێر نەشتەرگەری دایە".

گۆرانی ئیزبات گۆرانبێژێكی میللی شاری سلێمانییە ‌و، هەڵسوڕاوێكی بزووتنەوەی گۆڕانیشە. تەقەکردن لە گۆرانی ئیزیبات لەکاتێکدایە ئەو پێشتریش لەسەر زەویوزار كێشەی هەبوو و ماوەیەكیش دەستگیركرابوو.