هەمزە ئاگۆشی بەربژێری خەڵاتی باشترین ئەکتەرە لە نەرویج
رووداو دیجیتاڵ
هەمزە ئاگۆشی، لە ژمارەیەک دراما و فیلمی نەرویجیدا رۆڵی گێڕاوە. ساڵانی زۆر پێشمەرگەی کوردستان بووە، دوای هاتنی بۆ دیاسپۆرا لەتەنیشت نووسینە سەرنجڕاکێشەکانی، ئەکتەریشە. ئەو دوو جار لە نەرویج وەکو باشترین ئەکتەری بواری دراما هەڵبژێردراوە، بەڵام ئەمجارە بەربژێرە بۆ خەڵاتی "ئاماندا" بۆ باشترین ئەکتەری سینەمایی.
جگە لەوەش دوایین فیلم کە ئاگۆشی رۆڵی تێدا بینیوە، هەفتەی داهاتوو لە میونشنی ئەڵمانیا و لە فێستیڤاڵی فیلمدا نمایش دەکرێ. دەرفەتێکی باشە بۆ ئەوانەی لەوێن بۆ ئەوەی بچن فیلمی "ئەنکڵ یێنس" یان "مام وێنس" ببینن.
هەمزە ئاگۆشی، لە نەرویجەوە میوانی دیاسپۆرا بوو و لەو بارەیەوە خەڵاتەکەوە گوتی: "ئاماندا گەورەترین خەڵاتی سینەماییە لە نەرویج و ساڵانە پێشکێش بە کۆمەڵێک ئەکتەر، دیزاینەر، پرۆدیوسەر، دەرهێنەر و کامێرەمان دەکرێت، خەڵاتەکە لە 1985ـەوە دەدرێت بە فیلمی نەرویجی و بیانییەکان و خەڵاتەکە پەیکەری ژنێکە وەک هێمایەکی بەرزی هونەری وڵاتی نەرویج".
ئاگۆشی روونیکردەوە، رکابەرەکانی دوو خانمە ئەکتەری نەرویجین و لە 16ـی ئابی 2025 خەڵاتەکە رادەگەیێندرێت.
گوتیشی: "پێشتر دوو خەڵاتم لە تووی دراماوە وەرگرتووە، لە 2021 و 2024 کە بریتی بوون لە چوارچێوەی زێڕین، خەڵاتەکە تەلەفزیۆنی بوو بۆ دراما، بەڵام ئەوەی ئاماندا سینەماییە".
سەبارەت بە فیلمی "مام وێنس" و نمایشکردنی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی میونشن لە ئەڵمانیا هەمزە ئاگۆشی گوتی: "لە فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی میونشن دا ساڵانە 200 فیلم بەشدار دەبن، کە دووەم گەورەترین فێستیڤاڵی فیلمە لە دوای فێستیڤاڵی فیلمی بەرلین لە ئەڵمانیا، کە سەتان رەخنەگر بەشدار دەبن و فیلمی 'مام وێنس" لە 3ـی مانگی داهاتوو یەکەمجار لە فێستیڤاڵەکەدا پێشاندەدرێت و دواتر لە 5ـی ئەمموز دووبارە نمایش دەکرێتەوە".
ئاگۆشی ئەوەشی خستەڕوو، فیلمی "مام وێنس" لە ئەمریکا، ئیتالیا، نەرویج پێشاندراوە و پێشوازییەکی گەورەی لێکراوە، بەم نزیکانە لە لەندەن و ستۆکهۆڵمیش پێشاندەدرێت.