ماڵی زەهاوی کۆنسێرتێکی هاوبەشی بۆ هونەرمەندانی باکوور و رۆژهەڵاتی کوردستان سازکرد


رووداو دیجیتاڵ

ماڵی میوزیکیی زەهاوی، میوانداریی دوو گرووپی میوزیکی لە وانی باکوور کوردستان و کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە کرد و کۆنسێرتێکی هاوبەشیان لە مێرەگەپان بۆ سازکرا.
 
کۆنسێرتەکە بەشێک بوو لە زنجیرە کۆنسێرتەکانی ماڵی میوزیکیی زەهاوی لە 2025. بڕیارە سبەی پێنجشەممە 30ـی تشرینی یەکەمی 2025 هەمان کۆنسێرت لە ئاکرێ سازبکرێت و هاتن بۆ هەمووانە.
 
گرووپە بەشداربووەکان بریتی بوون لە گرووپێک لە شاری وان و گرووپێکی دیکە بەناوی (مەجنوونی) لە کرماشان.
 
ئامادەبووانی کۆنسێرتەکە، لە چین و توێژی جیاواز پێکهاتبوون، بە جلوبەرگی کوردییەوە گەرموگوڕییەکی تایبەتیان بە کۆنسێرتەکە بەخشیبوو.
 
توانا فازڵ، یەکێک لە ئامادەبووان بوو، هەستی خۆی بەم شێوەیە دەربڕی: "هەستێکی دروستکراو نییە، هەست دەکەی خۆت دەچیتە ناو میوزیکەکەوە، ناو سروشتەکەوە".
 
سەنا رەفیق، بەشداربوویەکی دیکە، گوتی: "کۆنسێرتەکەیان زۆر رازاوە کردووە. بەڕاستی یادگارییەکە لەیاد ناکرێت".
 
میری بابان، ئامادەبوویەکی دیکەی کۆنسێرتەکە بوو و گوتی: "ئەمە ئاشنابوونە بە میوزیکەکانی باکوور، باشوور، رۆژهەڵات و رۆژئاوا".
 
ژیار سابر، بە جلوبەرگی کوردییەوە لە کۆنسێرتەکە ئامادەبوو و گوتی: "هەموومان بە جلوبەرگی کوردییەوە، بە جۆرێک بووین... زۆر زۆر تایبەت بوو". ڤینا کەمالیش بە جلوبەرگی کوردییەوە ئامادەبوو و ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، وەک رێزێک بۆ ئەو کارە جوانە، بە پێوە چەپڵەیان بۆ رێکخەر و هونەرمەندانی بەشداربووی کۆنسێرتەکە لێدا.
 
مریەم خانساز، گۆرانیبێژی گرووپی (مەجنوونی)، ئاماژەی بەوەدا، میوزیکی رەسەنی کوردی پێشکێش دەکەن و گوتی: "لەگەڵ گرووپی مەجنوونی لە شاری کرماشانەوە هاتووین. میوزیکی تەمیرەیە، واتە میوزیکی مەقامیی کوردییە و چەند میوزیکێکمان هەیە لەسەر زاری کەڵهوڕی و فۆلکلۆر".
 
بێریتان مستەفا، گۆرانیبێژی گرووپە باکوورییەکە، گوتی: "لە وانەوە لە باکوور هاتووم. ئێمە پێنج گۆرانیمان ئامادە کردووە، هیوادارم بە دڵی هەموو لایەک بێت".
 
هەژار زەهاوی، سەرپەرشتیاری ماڵی میوزیکی زەهاوی، لەبارەی ئامانجی کۆنسێرتەکەوە بە رووداوی گوت: "بیرۆکەی ئەمساڵی ماڵی میوزیکیی زەهاوی ئەوە بوو کە دوو گرووپی جۆراوجۆر لە چوار پارچەی کوردستان کۆبکەینەوە و رەنگدانەوەی میوزیکی کوردی پیشان بدەین".
 
کۆنسێرتەکە شەوی 28ـی تشرینی یەکەمی 2025 لە ماڵی میوزیکیی زەهاوی لە مێرگەپان لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەڕێوەچوو. تۆڕی میدیایی رووداو، سپۆنسەری میدیایی کۆنسێرتەکانی ماڵی میوزیکیی زەهاوییە.