سادقی هیدایەت؛ نووسەرێکی هیوابڕاو
میران قادر ئەحمەد
رووداو - کولتوور و ئەدەب
ساڵی 1903، مەلێکی باڵشکاو لە ئاسمانی ئەدەبیاتی ئێراندا دای لە شەقەی باڵ، پیاوێکی لاوازی ڕۆح سووتاو لەدایک بوو، بەڵێ لەو ساڵەدا پیاوێکی یاخی لە کۆتە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەی ئێرانی لەدایک بوو.
سادقی هیدایەت باوەڕدارێکی بێ باوەڕ بوو، چونکە شوێنکەوتەی دروشمی جوان بیرکردنەوە و جوان ژیان و جوان مردن بوو، لەهەمانکاتدا بێ باوەڕبوو بەو عورفە ناباو و سرووتە ئاینییانەی نەیاندەتوانی سنوورەکانی ڕووکەشی ئینسان ببڕن و دەمارەکانی ڕۆح پاراو بکەن بە پێویستیی پابەندبوون بەو ڕەوشتە کۆمەڵایەتی و دینیانەی لە خزمەت ئاسایشی کۆمەڵگە و رزگارکردنی ئینساندان لە دەمارگیری و غروور و خودشەیدایی.
لای هیدایەت ژیان وەک زیندان و مردن وەک یەکەمین هەنگاوی ڕزگاریی مرۆڤ و بەختەوەری و جاویدان وێنا دەکرا، هەربۆیە نووسینەکانی تژی بوون لە دووکەڵی ئەو دێڕانەی هەناسەی بەختەوەریی مرۆڤیان دووچاری سووتان و تەنگەنەفەسی دەکرد، ئەو کوڕی خێزانێکی ئەرستۆکرات بوو، بەڵام باوەڕی قووڵی بە یەکسانیی مرۆڤ و پێویستی ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسانی ژیان هەبوو بەدەر لە هەر جۆرە ئیعتیبارێکی مادی و خێزانی.
هیدایەت نوێنەری خەڵکی بەشمەینەتی وڵاتەکەی بوو، خامەکەشی خستبووە خزمەت پیشاندانی ئێش و ئازاری ئەو زۆرینە برسیەی کەوتبوونە پەراوێزی ژیانەوە، نە سەفای دونیا و نە گەشت و مەستبوون بەچێژەکانی دونیا نەیانتوانی بۆ ساتێکیش باوەڕی ئەو بە چێژی ژیان قایمتر بکەن، ئەم بێهیواییەش سەراپای ژیانی ئەویان بەخەم و بێزاری تەنیبوو.
هیدایەت نووسەرێکی پڕ بەرهەم بوو، لە یەک کاتدا چیرۆکنووس و شانۆنووس بوو، هاوکاتیش خۆشەویستیی بۆ کولتوورو مێژووی وڵاتەکەی پاڵنەربوون بۆ ئەوەی ئاوڕێکی زیاتر لەو پەڕە گەشانەی مێژووی وڵاتەکەی بداتەوە کە تەواوی خەڵکی وڵاتەکەی بەخاوەنی دەزانی، زمانی سادە و ڕاگەیاندنی شەڕ دژ بەو نوخبە سیاسی و بازرگانە هەلپەرستەی ژیانی کۆمەڵگایان سیخناخ کردبوو، لە گرنگترین سیمای نووسینەکانی هیدایەت بوون.
لەژێر کاریگەریی تێزەکانی سارتەر و کافکا و خەیامەوە دەیویست کار لەسەر چەسپاندنی ئەو باوەڕە بکات کە ژیان قۆناغێکی ڕاگوزەری بەئازارە و مردن کردنەوەی یەکەمین دەرگایە بەڕووی سەرفرازی هەمیشەیی مرۆڤایەتی و لە ڕۆمانی ( کوندە پەپووی کوێر)دا خوێنەر بەئاسانی ڕاستیی ئەم تێڕوانینەی بۆ دەردەکەوێت.
لەهەمانکاتدا هیدایەت ڕابەرایەتی جەنگێکی فیکری دەکرد دژ بەو کەمینە قازانجویست و هەلپەرستەی وەک وەسیلەی چنینەوەی زۆرترین پارە، لە ژیانیان دەڕوانی و لە کتێبی (حاجی ئاغا)دا داوای خەباتێکی دەستەجەمعی دەکات دژ بەو بازرگانە لەهەست داماڵراوانەی گرەو لەسەر مەرگی زۆرترین ژمارە لە چینی هەژار دەکەن لەپێناوی خڕکردنەوەی زۆرترین داهات، ئەو قوناغەی هیدایەت تیایدا دەستی بە نووسین کرد، ئێران بە ڕۆژانێکی سەختدا گوزەری دەکرد لەڕووی داراییەوە، هاوکاتیش دەزگاکانی دەوڵەت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ناڕەزاییە جەماوەرییەکان تا ئاستێکی مەترسیدار فشاریان دروستکردبوو لەسەر هەرجۆرە دەنگێکی ئازا و ئازاد.
بەڵام فشاری دەوڵەت نەیتوانی کاریگەربێ لەسەر کپکردنی دەنگی هیدایەت و هاوڕێکانی و لەڕێگەی نووسینی چیرۆک و شیعرەوە دژ بەو بارودۆخە دژوارە و وەستانەوەی دەوڵەت دژ بەخواستی خەڵک و ئازادیخوازان دروستی کردبوو، دەرکەوتنی هیدایەت دەستپێکی قۆناغێکی زێڕین بوو لە مێژووی ئەدەبیاتی ئێرانی و بەنوێکەرەوەی ئەدەبیاتی وڵاتەکەشی دادەنرێت، توانیشی لەڕێگەی نووسینی چیرۆک و ڕۆمانەوە وەک دوو ژانری نوێی ئەدەبی، کۆتایی بە سەردەمی زێڕینی شیعربهێنێ.
هیدایەت بۆ خوێندنی زانکۆ ڕوویکردە پاریس و ساڵانێکی ژیانی لەوێ بەسەربرد و بە وتەی هاوڕێکانیشی، جوانیی سروشتی فەرەنسا و ئەو فەزا ئازادەی فەراهەم کرابوو بۆ ئەدیبان، ئیلهامبەخشی بەشێکی گەورەن لە نووسینەکانی هیدایەت. پاش نووسینی سی پەرتووک و تەواوکردنی چل و هەشت ساڵی تەمەنی، هەر لە پاریس و لە ساڵی 1951 لە ڕێگەی بەردانەوەی گازەوە لە ژوورەکەیدا، پەڕەی ڕۆژەکانی تەمەنی پێچایەوە و کۆتایی بە ژیانی پڕ لە ئازاری خۆی هێنا..