چواره‌م فێستیڤاڵى نێودەوڵەتیی فیلمى سلێمانى به فیلمی "خوشكانى شەڕ" ده‌كرێته‌وه
په‌سار فایه‌ق و شكار ئه‌حمه‌د
رووداو - هه‌ولێر
رێكخه‌رانی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی سلێمانی له ئاماده‌كارییه‌كانیان به‌رده‌وامن بۆ سازكردنی خولى چواره‌می فێستیڤاڵه‌كه، ئه‌گه‌رچى ده‌نگۆى راگرتنى فێستیڤاڵه‌كه‌ش هه‌یه. به‌ڕێوه‌به‌ری فێستیڤاڵه‌كه ده‌ڵێت به‌ڵێ هه‌وڵێك هه‌یه بۆ راگرتنی فێستیڤاڵه‌كه "هه‌وڵه‌كه‌ش په‌یوه‌ندی به بڕیاری ته‌كه‌تولی سیاسییه‌وه هه‌یه".
رۆژى 1-10-2019 خولى چواره‌مى فێستیڤاڵى نێوده‌ڵه‌تیى فیلمى سلێمانى له ته‌لارى هونه‌رى شاره‌كه، به به‌شداریى ده‌یان فیلمى كوردى و بیانى به‌ڕێوه‌دەچێت، دەستپێکی فێستیڤاڵەکەش بە فیلمى "خوشكانى شەڕ" دەبێت.
فێستیڤاڵه‌كه به "خوشكانى شەڕ" ده‌كرێته‌وه
له خولی ئه‌مساڵی فێستیڤاڵدا 134 فیلم له 79 وڵاتی جیهانه‌وه به‌شدارن، له‌وانه 44 فیلمی كوردی. فیلمى "خوشكانی شەڕ" كه فیلمێكی سینه‌مایی فه‌ره‌نسییه له ده‌رهێنانی Caroline Fourest له ده‌ستپێكی فێستیڤاڵه‌كه نمایشده‌كرێت.
دانه‌ر عومه‌ر له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌و فیلمه بۆ ده‌ستپێكى كردنه‌وه‌ى فێستیڤاڵه‌كه به (رووداو)ـى گوت: "له جیهاندا زیاتر كورد وه‌ك قوربانی پێشاندراوه و ئه‌مه له فیلمه كوردییه‌كاندا روونه، به‌ڵام ئه‌م فیلمه دیوێكی دیكه‌ی كوردی پیشانداوه كه بوێری و قاره‌مانێتییه".
فیلمی (خوشكانی شەڕ) یه‌كه‌مین فیلمی سینه‌مایی كارۆلین فورێست، رۆژنامه‌نووسی فه‌ره‌نسییه. فیلمه‌كه چیرۆكی دوو كچی فه‌ره‌نسی (كاهینه به ره‌گه‌ز موسوڵمانێكی جه‌زائیری) و (ساشكا جوویه‌كی به ره‌گه‌ز ئیسرائیلی) ده‌گێڕێته‌وه كه خۆویستانه ده‌چنه كوردستان و ده‌بنه ئه‌ندامی یه‌كه‌یه‌كی سه‌ربازی نێوده‌وڵه‌تیی تایبه‌ت به ژنان و به فه‌رمانده‌یی ژنێكی كورد شه‌ڕی داعش ده‌كه‌ن.
هێڵی دووه‌می چیرۆكی فیلمه‌كه باس له كچێكی ئێزدی ده‌كات به ناوی (زارا) كه پاش رزگاربوونی له ده‌ستی داعش، ده‌بێته ئه‌ندامی ئه‌م یه‌كه‌یه بۆ تۆڵه‌كردنه‌وه‌ی كوژرانی باوكی و رزگاركردنی برا بچووكه‌كه‌ی.
دانه‌ر عومه‌ر ره‌تیكرده‌وه فێستیڤاڵه‌كه له‌لایه‌ن كۆمپانیاى كه‌رتى تایبه‌ته‌وه به‌ڕێوه‌ببرێ و گوتى: "ئه‌وه‌ی ئێمه كۆمپانیا نییه و ده‌زگایه. ده‌زگاى فێستیڤاڵى نێوده‌وڵه‌تیی فیلمى سلێمانی له رۆژی 28-5-2019 به نووسراوی فه‌رمیی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری مۆڵه‌تی پێدراوه و بڕی سێ ملیۆن دیناریشی وه‌كو رسمی مۆڵه‌ت لێوه‌رگیراوه".
خه‌ڵاته‌كانى فێستیڤاڵه‌كه
له خولی ئه‌مساڵی فێستیڤاڵدا فیلمه‌كان له هه‌شت به‌شی جیا جیا به‌شدارن، ئه‌وانیش: به‌شی فیلمی درێژ: كه 10 فیلمی سینه‌مایی كوردی و جیهانی كێبڕكێ له‌سه‌ر حه‌وت خه‌ڵات ده‌كه‌ن، یه‌كێكیان خه‌ڵاتی سنه‌وبه‌ری ئاڵتونییه كه خه‌ڵاتی سه‌ره‌كیی فێستیڤاڵه‌كه‌یه. شه‌ش خه‌ڵاته‌كه‌ی دیكه‌ش زیوین و له به‌شه‌كانی دیكه ده‌به‌خشرێن.
له به‌شی فیلمه دۆكیۆمێنتارییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، ته‌نیا خه‌ڵاتی سنه‌وبه‌ری زیوین به باشترین فیلم ده‌به‌خشرێت. له به‌شی فیلمه دۆكیومێنتارییه نێوخۆییه‌كان، دوو خه‌ڵات دابه‌شده‌كرێن، یه‌كێكیان خه‌ڵاتی سنه‌وبه‌ری زێڕین بۆ باشترین فیلم و خه‌ڵاتی لێژنه‌ی دادوه‌ری فێستیڤاڵ.
سه‌باره‌ت به به‌شی كورته‌فیلمه نێوده‌ڵه‌تییه‌كان، ته‌نیا خه‌ڵاتی سنه‌وبه‌ری زیوین به باشترین فیلم ده‌به‌خشرێت. له به‌شی كورته‌فیلمه نێوخۆییه‌كان، دوو خه‌ڵات دابه‌شده‌كرێن، خه‌ڵاتی سنه‌وبه‌ری زێڕین بۆ باشترین فیلم و خه‌ڵاتی لێژنه‌ی دادوه‌ر.
له به‌شی فیلمه ئه‌نیمه‌یشنه‌كان، فیلمه نێوخۆیی و جیهانییه‌كان پێكه‌وه كێبڕكێ له‌سه‌ر خه‌ڵاتی سنه‌وبه‌ری زیوین ده‌كه‌ن.
له به‌شی به‌هره‌ی نوێ، 13 كورته‌فیلم و دۆكیومێنتاری كوردی به‌شدارن و كێبڕكێ بۆ بردنه‌وه‌ی خه‌ڵاتی سنه‌وبه‌ری زیوین ده‌كه‌ن.
بۆچى سنه‌وبه‌ر؟
به‌ڕێوه‌به‌ری فێستیڤاڵ، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد كه بۆ ئه‌مساڵ 15 خه‌ڵاتى فێستیڤاڵه‌كه له توركیا دروستكراون، سێیان زێڕین و 12ـیان زیوینن. سه‌باره‌ت به هۆكاری هه‌ڵبژاردنی سنه‌وبه‌ر بۆ خه‌ڵاته‌كه، دانه‌ر عومه‌ر ده‌ڵێت: "ئه‌مه په‌یوه‌ندی به شاری سلێمانییه‌وه هه‌یه كه دره‌ختی سنه‌وبه‌ری زۆری لێیه و له دوای ره‌شه‌با به‌رهه‌می دار سنه‌وبه‌ره‌كان ده‌كه‌ونه سه‌ر زه‌وی و ژماره‌یه‌كی زۆریان به‌رچاو ده‌كه‌ون".
پانێڵهكانى فێستیڤاڵ
جگه له نمایشكردنى 134 فیلم له ماوه‌ى حه‌وت رۆژدا، دوو پانێڵ به‌ڕێوه‌ده‌چن، یه‌كه‌میان له‌باره‌ی گۆڕانكارییه‌كانی كه‌شوهه‌وایه و بڵاوكردنه‌وه‌ی هۆشیاریی پاراستنی ژینگه كه له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوایی بووه‌ته جێی باسوخواسی ته‌واوی جیهان. پانێڵه‌كه له دووی ئۆكتۆبه‌ر له هۆتێلی شاری جوان به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
پانێڵى دووه‌میشیان له‌باره‌ی دانانی یاسایه‌كه بۆ كاری فیلمسازی له كوردستان كه نوێنه‌ری ژماره‌یه‌ك كۆمپانیای به‌رهه‌مهێنانی سینه‌مایی تێیدا به‌شدارن و له رۆژى چوارى مانگ له هه‌مان شوێن به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
خولی چواره‌می فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی سلێمانی چه‌ندین بڕگه و چالاكیی دیكه‌ی هونه‌ری له‌خۆده‌گرێت، له‌وانه گرووپی رهستاك چه‌ند به‌رهه‌مێك پێشكه‌ش ده‌كه‌ن و له چالاكییه‌كه‌دا هونه‌رمه‌ندان هه‌ژار زه‌هاوی و هانی پێكه‌وه چه‌ند به‌رهه‌مێكی هونه‌ری پێشكه‌ش ده‌كه‌ن.
له ته‌واوی فێستیڤاڵه سینه‌ماییه‌كاندا به‌شێكی تایبه‌ت بۆ به‌بازاڕكردنی فیلم ته‌رخانكراوه. دانه‌ر عومه‌ر ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد، له خولی ئه‌مساڵدا گرنگییه‌كی زۆریان به‌و به‌شه داوه و بازاڕ بۆ فیلمه‌كان ده‌دۆزنه‌وه.
تۆڕی میدیایی رووداو وه‌ك له سێ خولی رابردوودا سپۆنسه‌ری میدیایی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی سلێمانی بووه، ئه‌مساڵیش به هه‌مانشێوه سپۆنسه‌ری میدیایی ده‌بێت و رووماڵی چالاكییه‌كانی ده‌كات.
15 كورتهفیلمى كوردى به‌شدارن
له به‌شی كورته فیلمه نێوخۆییه‌كان 15 كورته‌فیلم به‌شدارن، له‌وانه كورته‌فیلمی (كارگه) له ده‌رهێنانی یاد دین. ده‌رهێنه‌ره كورده‌كه له رێگه‌ی ئه‌و فیلمه‌وه سێ خه‌ڵاتی وه‌رگرتووه، له‌وانه خه‌ڵاتی باشترین كورته‌فیلمی بیانی له فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی بریستۆڵ.
فه‌یسه‌ڵ چه‌لیك، ده‌رهێنه‌رێكی دیكه‌ی كورده و به كورته‌فیلمی (بارانی رزگاربوون) به‌شدارى كردووه، خاوه‌نی یه‌ك خه‌ڵاته له فێستیڤاڵی كورته‌فیلمی ئیزمیر.
سه‌فین قانیع كه خاوه‌نی چه‌ند فیلمێكه و فیلمه‌كانی له چه‌ند فێستیڤاڵێك نمایشكراون، به كورته فیلمی (خۆشه‌ویستی وه‌ك مارسیلیا) له پێشبڕكێدایه كه تیشك ده‌خاته سه‌ر په‌یوه‌ندیی خۆشه‌ویستی نێوان كوڕ و كچێك، به‌ڵام دواجار كچه‌كه خۆشه‌ویستی بۆ كوڕه‌كه نامێنێ.
ژینۆ هادی، كچه ده‌رهێنه‌ری كورد كه ساڵی 2005 بڕوانامه‌ی له رۆژنامه‌گه‌ریدا به‌ده‌ستهێناوه، ئه‌مساڵ به كورته فیلمی (once upon a time in Kurdistan) به‌شداره.
عه‌دنان عوسمان، ده‌رهێنه‌ری كورد كه زیاتر له 15 فیلمی به‌رهه‌مهێناوه و دوو كتێبی له‌باره‌ی سینه‌ماوه چاپ و بڵاوكردووه‌ته‌وه و خاوه‌نی دوو فیلمی درێژیشه، ئه‌مساڵ به كورته فیلمی (به‌فری گه‌رم) له فێستیڤاڵی نێوده‌ڵه‌تیی فیلمی سلێمانی به‌شداره.
له به‌شی كورته‌فیلمی ئه‌نیمه‌یشندا سارا ڤان دین بوم، به كورته فیلمی ئه‌نیمه‌یشن (رایمۆند یان ده‌رچوونی ستوونی) له پێشبڕكێدایه، فیلمه‌كه باس له رایمۆندی بێزار ده‌كات كه له ده‌وروبه‌ر بێزار بووه و ده‌یه‌وێت بچێته بۆشایی ئاسمان. فیلمه‌كه پاڵێوراو بووه بۆ خه‌ڵاتی باشترین كورته فیلمی ئه‌نیمه‌یشن له خه‌ڵاته‌كانی سیزه‌ر له فه‌ره‌نسا.
ره‌زا محه‌ممه‌دی ده‌رهێنه‌ر و وێنه‌كێش، به كورته فیلمی ئه‌نیمه‌یشنی (له قووڵایی خه‌وندا) له به‌شی پێشبڕكێی فێستیڤاڵدا به‌شداره. فیلمه‌كه باس له كۆچبه‌رانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌كات كه له‌ودیو ده‌ریاكانه‌وه بۆ ژیانێكی نوێ ده‌گه‌ڕێن. ره‌زا محه‌ممه‌دی، دیزاینی چه‌ندین فیلمی كردووه و چه‌ندین فیلمی ئه‌نیمه‌یشنی به‌رهه‌مهێناوه، چه‌ندین خه‌ڵاتی جیهانیشی بردووه‌ته‌وه، له‌وانه له فێستیڤاڵی فیلمی به‌رلین له ئه‌ڵمانیا و فێستیڤاڵی فیلمی سان فرانسیسكۆ له ئه‌مه‌ریكا.
ئۆزجان ئاڵپه‌ر، ده‌رهێنه‌ر و نووسه‌ر، به كورته فیلمی ئه‌نیمه‌یشنی (له‌ناو كاولكارییهكاندا) له پێشبڕكێی فێستیڤاڵدایه. ئۆزجان 13 خه‌ڵاتی بردووه‌ته‌وه، یه‌كێك له‌وانه خه‌ڵاتی فێستیڤاڵی لۆكارنۆ بۆ فیلمی (پایز) كه باس له زوحاك ده‌كات.
له به‌شی فیلمه دۆكیومێنتارییه بیانییه‌كاندا چه‌ند فیلمێك به‌شدارن، ئایرین فیلیسی ده‌رهێنه‌ر به فیلمی (ئاسووده‌یی) ئاماژه به كێشه‌كانى سه‌رده‌م ده‌كات. ئایرین ده‌یه‌وێ خه‌ڵاتى به‌شی فیلمه دۆكیومێنتارییهكانی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیى فیلمى سلێمانی بباته‌وه.
یه‌سیر تاڵیب ده‌رهێنه‌ری فلیمی (خۆشه‌ویست) له باكووری ئێران له‌دایكبووه، براوه‌ی چه‌ندین خه‌ڵاتی فێستیڤاڵه جیهانییه‌كانه، فلیمه‌كه‌ی به‌شداری فێستیڤاڵی به‌ڵگه‌فیلمی نێوده‌ڵه‌تیی ئه‌مستردام 2018 و بیگ سكای 2019 ی كردووه.
لام كان ژاو، ده‌رهێنه‌ر و به‌رهه‌مهێنه‌رێكی چینییه، له ته‌مه‌نی 20 ساڵیدا به فلیمی (له‌گه‌ڵ سه‌گدا) ناوبانگی په‌یدا كردووه، به فیلمی دۆكیومێنتاری (نمایشكردنی مرۆڤ) له فێستیڤاڵی فیلمی سلێمانی به‌شداره.
فه‌رهاد ڤهرههرام له ساڵی 1948 له ئێران له‌دایكبووه، بۆ زیاتر له 25 فیلم كاری كردووه. یه‌كێكه له ده‌رهێنه‌ره ناوداره‌كانی به‌ڵگه‌فیلم له ئێران، ئه‌مساڵ به فیلمی (ئاهه‌نگی كوڕه‌كه‌ی زینات) له فێستیڤاڵی سلێمانی به‌شداره.
هه‌روه‌ها جۆزێفیبا ریكۆ، ده‌رهێنه‌ری ئه‌رجه‌نتینی كه براوه‌ی خه‌ڵاتی فێستیڤاڵی فیلمی واهاكایه، به فیلمی "هێلكه‌ی دایناسۆر" كێبڕكێى وه‌رگرتنى خه‌ڵات ده‌كات.