وێنەکێشی تابلۆ بەنێوبانگەکەی بارزانی لە پەرلەمانی کوردستان کۆچی دوایی کرد
رووداو دیجیتاڵ
هونەرمەندی دیار و شێوەکاری کورد، سڵێمان شاکر، لە تەمەنی 90 ساڵیدا و دوای ململانێیەکی درێژخایەن لەگەڵ نەخۆشی، کۆچی دواییکرد.
ئەم هونەرمەندە زیاتر لە شەش دەیە لە ژیانی خۆی بۆ خزمەتکردنی هونەری کوردی تەرخان کردبوو و بە یەکێک لە پێشەنگەکانی هونەری شێوەکاری هاوچەرخی کوردی دادەنرێت.
سڵێمان شاکر، لە ساڵی 1935 لە شارۆچکەی گوێڕی سەر بە پارێزگای هەولێر لەدایکبووە. هەر لە منداڵییەوە خولیای وێنەکێشانی هەبووە، بۆ پەرەپێدانی بەهرەکەی، لە ساڵی 1952 چووەتە بەغدا ،لە پەیمانگەی هونەرە جوانەکان خوێندنی تەواو کردووە.
تابلۆکانی مامۆستا شاکر، ئاوێنەی کولتوور، ژیانی رۆژانە و دیمەنە دڵڕفێنەکانی کوردستان بوون. یەکێک لە بەرهەمە هەرە دیارەکانی، تابلۆی سەرکردەی مێژوویی کورد، مەلا مستەفا بارزانییە، کە ئێستا لە هۆڵی پێشوازیی پەرلەمانی کوردستان دانراوە.
لە ساڵی 2007، گەلەرییەکی تایبەت بە خۆی لە شاری هەولێر کردەوە و بەرهەمی شەش دەیەی کاری هونەریی خۆی تێدا نمایش کرد. دوایین کاری هونەریی، تابلۆی "پردی قەندیل" بوو کە لە ساڵی 2006 تەواوی کردبوو.
هۆگر هوشیار، برازای هونەرمەند بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ کاژێر 15:00 لەماڵەوە مامۆستا سڵێمان کۆچی دوایی کرد، مامۆستا سڵێمان ماوەی 5 ساڵ بوو بەهۆی جەڵتەی مێشکەوە باری تەندروستیی ناجێگیر ببوو."
بە گوتەی برازاکەی، لە ماوەی مانگی رابردوودا دۆخی تەندروستیی بەتەواوی تێکچووە، تووشی لەبیرچوونەوە بووە و توانای خواردن و جووڵەی لەدەستدابوو.
هونەرمەند عەزیز پیرداود، هاوڕێی دێرینی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "مامۆستا سڵێمان هەمیشە کوردایەتی تێکەڵی تابلۆکانی دەکرد. تابلۆکانی پڕبوون لە هارمۆنیای رەنگی کوردەواری و زۆر بە زانستیانە کاری دەکرد." پیرداود کۆچی دوایی شاکر بە "خەسارەتێکی گەورە" لە بواری هونەریی کوردستاندا دادەنێت.
سڵێمان شاکر، جگە لە کاری هونەری، بۆ ماوەی 35 ساڵ مامۆستای هونەر بووە و رۆڵێکی بەرچاوی لە پێگەیاندنی نەوەی نوێی هونەرمەنداندا هەبووە.
پرسەی هونەرمەندی کۆچکردوو لە شاری هەولێرە و سبەی یەکەم رۆژی پرسەکەی لە مزگەوتی ئەبوبەکری سدیق لە گەڕەکی شۆڕش بەڕێوەدەچێت.