ژینا و محەممەد دوو هاوژینی ژەنیار و گۆرانیبێژن
رووداو دیجیتاڵ
دوو هاوژینی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە ئاوێتەکردنی شێوەزارەکانی سۆرانی و لوڕی، میوزیک دەژەنن و گۆرانی بە شێوەزاری جیاواز دەڵێنەوە.
ژینا محەممەدی، خەڵکی سنەی رۆژهەڵاتی کوردستانە و محەممەد کوشکیی هاوژینیشی، خەڵکی لوڕستانە، پێکەوە میوزیک دەژەنن، گۆرانی دەڵێن و شێوازە جیاوازەکانی زمانی کوردی ئاوێتە دەکەن. ئەوان دەڵێن، خێزانەکانیان گەورەترین هاندەر و پاڵپشتیان بوون بۆ دەستپێکردنی ئەم کارە هونەرییە.
ژینا باس لەوە دەکات کە لە منداڵییەوە حەزی لە گۆرانیگوتن بووە و گوێی لە هونەرمەندە دیارەکانی وەک حەسەن زیرەک و ناسر رەزازی گرتووە. گوتیشی: "لە منداڵییەوە گوێم لە گۆرانییەکانی باوکم دەگرت کە دەیگوتنەوە، گوێم لە حەسەن زیرەک، ناسر رەزازی و عەلی زەندی دەگرت و حەزێکی زۆرم بۆ گۆرانیگوتن هەبوو. وردە وردە گەورەتر بووم و بە شێوەیەکی وردتتر دەستم بە کارکردن کرد، چ لە بواری ژەنین و چ لە بواری گۆرانیگوتن".
محەممەد کوشکی ئاماژە بەوە دەکات، هەر لە منداڵییەوە گوێی لە میوزیک گرتووە و دواتر بە شێوەیەکی ئەکادیمی درێژەی پێداوە. گوتیشی: "بەردەوام گوێم لە گۆرانی دەگرت و دووبارەم دەکردنەوە. دواتر لە زانکۆ بەشی میوزیکم خوێند و تاوەکو ئێستاش بەردەوامم و کەمانچە دەژەنم".
ژینا و محەممەد باس لەوە دەکەن کاتێک پێکەوە گۆرانی دەڵێن هەستێکی تایبەتیان هەیە و چێژی لێوەردەگرن، ئەمەش وایکردووە خەڵکێکی زیاتر گوێیان لێبگرن. ئامانجی سەرەکیی ئەوان زیندووکردنەوەی گۆرانییە فۆلکلۆری و رەسەنەکانە.
محەممەد کوشکی دەڵێت: "ئێمە زیاتر کار لەسەر گۆرانی فۆلکلۆر و گۆرانییە زۆر کۆنەکان دەکەین و حەز دەکەین دووبارە پێشکێشیان بکەینەوە".
ژینا محەممەدی دەڵێت: "ئێمە حەزمان لە زیندووکردنەوەی گۆرانییە فۆلکلۆرییەکانە بە زمانی خۆمان، بۆیە هەوڵدەدەین گۆرانیی مامۆستا دێرینەکانی زمانی کوردی بەکاربهێنین و دووبارە پێشکێشیان بکەینەوە".
تاوەکو ئێستا ژینا و محەممەد زیاتر لە 40 گۆرانییان تۆمار کردووەتەوە و خاوەنی پێنج کلیپی میوزیکین. ئەو دوو هاوژینە هونەرمەندە ئێستا سەرقاڵی ئامادەکردنی دوو گۆرانیی نوێن و ئاشکرای دەکەن کە زۆر حەزیان لە گۆرانییەکانی هونەرمەندی گەورە، مەزهەر خالقییە و لە داهاتوودا هەوڵدەدەن یەکێک لە بەرهەمەکانی ئەو بڵێنەوە.