حەسەن شەریف چیرۆکی (عیسێ دەلا) لە بەرهەمێکدا پێشکێش دەکات
رووداو دیجیتاڵ
هونەرمەند حەسەن شەریف بەرهەمێکی نوێی بەناوی (عیسێ دەلا) بە شێوەی ڤیدیۆ کلیپ بڵاودەکاتەوە. عیسێ دەلا کەسایەتییەکی دیار و راوێژکاری بەهرام پاشای دووەم بووە، کە لە 1714ـی زاینی تا 1768 میری میرنشینی ئامێدی بووە.
حەسەن شەریف سەبارەت بە ناوەڕۆکی بەرهەمەکە بە رووداوی راگەیاند: "بەرهەمەکە باسی عیسێ دەلا و میری ئامێدی دەکات کە چۆن ژیاون؛ مرۆڤ لە رێگەی ئەم هۆنراوەیەوە ناوچەکەی خۆی و کەسایەتییەکانی دیکە دەناسێتەوە".
هۆنراوەی ئەم بەرهەمە لەلایەن شاعیر ئەدیب چەلکییەوە نووسراوە و کامیران بێتاسی کاری دەرهێنانی بۆ ڤیدیۆکلیپەکە کردووە. وێنەگرتنی کلیپەکە لە شوێنە مێژوویی و شوێنەوارەکانی ئامێدی ئەنجام دراوە.
ڤیدیۆکلیپەکە بەرهەمی کاری بە کۆمەڵی چەندین مانگە و بڕیارە ئەمڕۆ یەكشەممە 30ـی تشرینی دووەمی 2025 بڵاودەکرێتەوە.
ئەدیب چەلکی، لەبارەی گرنگیی کارەکتەری نێو هۆنراوەکەی دەڵێت: "ئامێدی ناوەندی زانست و فێربوون بووە لە هەموو کوردستانی گەورەدا. عیسێ دەلا رۆڵێکی گەورەی هەبووە لە خزمەتکردنی میرنشینەکە و پشتیوانیکردنی دەسەڵاتی میر بە دادپەروەری، هەروەها رۆڵێکی جوانی لەنێو کۆمەڵگەدا هەبووە، بۆیە بە پێویستمان زانی وەک گۆرانییەک شتێک لەسەر ئەم کەسایەتییە بەڕێزە بەرهەم بهێنین".
ئامێدی پایتەختی میرنشینی بادینان بووە لە ساڵی 1242ـەوە تا ساڵی 1842.