وەلات محەممەد گۆرانییەک بۆ کچە شەڕڤان "دەنیز" بەرهەم دەهێنێت


رووداو دیجیتاڵ

وەلات محەممەد سدیق، شاعیر و ئاواز دانەر، هەڵبەستێکی بۆ رووحی کچە شەڕڤان دەنیز نووسیوە و ئاوازیشی بۆ داناوە. 
 
رۆژی شەممە (31-1-2026)، وەلات محەممەد بە رووداوی گوت: "ئەوەی بەسەر دەنیز دا هات، یەکێکی دیکەیە لەو ستەم و کارەساتانەی کە بەسەر کورد دا هاتووە و بۆ تاهەتایە لە مێژوودا دەمێنێتەوە، راچڵەکاندنی جیهانیش بەو رەفتارە قێزەونەی بەرامبەری کرا، گەواهیدەری کاریگەریی رووداوەکەن."
 
لەبارەی گۆرانییەکەوە وەلات محەممەد گوتی: "هەڵبەست و ئاوازەکەی خۆم دامناوە و، گوتنەکەی ژیریی دەستکردە، ویستم وەکو وەفایەک بۆ ئەو خوشکانەم پێشکێشی بکەم کە لە بەرەی جەنگدا بەرگریی لە نەتەوەکەیان دەکەن."
 
بەشی زۆری کلیپی گۆرانییەکە بە ژیریی دەستکرد کراوە و رێبین رواندزی مۆنتاژی کردووە.
 
زەینەب (شەهید دەنیز چیا)، ئەو شەڕڤانە بوو کە گرووپە چەکدارەکان تەرمەکەیان لە باڵەخانەیەکی گەڕەکی شێخ مەقسوود لە حەلەب فڕێدایە خوارەوە. دەنیز خەڵکی عەفرین بوو.