هەیفا گۆرانی كوردی دەڵێ

رووداو –ئاژانسەكان

سترانبێژی لوبنانی هەیفا وەهبی رایگەیاندووە، كە لە ئاهەنگەكەی ئەمشەویدا لە شاری هەولێر گۆرانی كوردی دەڵێ.

وا بڕیارە هەیفا وەهبی و حاتم عێراقی ئەمشەو ئاهەنگێك لە شاری هەولێر ساز بكەن و لە هەفتەی رابردووەوە دەستكراوە بە فرۆشتنی بلیتی ئاهەنگەكە.

پێشتر سترانبێژی لوبنانی هەیفا وەهبی لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك رایگەیاند، كە بۆ قوتابیانی هەولێر 50 % داشكاندن دەكات بۆ بلیتی ئاهەنگەكەی، بەڵام بەو مەرجەی بلیتی ئاهەنگەكە پێش 26/5/2013 بكڕن.

كۆمپانیای رێكخەری ئاهەنگەكە رایگەیاند كە پێشوازییەكی زۆر باش لە كڕینی بلیتی كۆنسێرتەكە كراوە، بەڵام پڕوپاگەندەیەك بڵاوبووەتەوە گوایە هەیفا لەبەر نەفرۆشتنی بلیت و ترس لە ئامادەنەبوونی جەماوەر ئەو داشكاندنەی كردووەو نووسیویەتی “ئەگەر پێش ئەو بەروارە بلیتەكەتان كڕیوە، ئەوا لەوێ دەتانبینم”.

لەلایەكی دیكەوە هەیفا وەهبی رایگەیاندووە لەو كۆنسێرتەدا گۆرانی بە كوردی دەڵێت، بۆیە واپێشبینی دەكرێت جەماوەرێكی زۆر ئامادەی ئەم كۆنسێرتە بن، بۆ ئەوەی گوێ لە گۆرانییە كوردییەكەی هەیفا بگرن.