هونەرمەندێکی کورد بە هونەرەکەی سەرنجی نەمساییەکانی راکێشاوە
رووداو دیجیتاڵ
جوودی ماردینلی خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە، ماوەیەکی زۆر نییە لە نەمسایە، بەڵام بە کارە سەرنجڕاکێشەکانی سەرنجی نەمساییەکانی راکێشاوە. ئەو لە رۆژئاوا مامۆستای ئینگلیزی بووە، ئێستا لە نەمسا وانەی هونەر و ئینگلیزی دەڵێتەوە.
جودی ماردینلی کە خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە بەم شێوەیە خۆی دەناسێنێت: "لە ساڵی 2014ـەوە لە نەمسا نیشتەجێم، لە سووریا ئەدەبی ئینگلیزیم خوێندووە، بۆ تەواوکردنی خوێندنەکەم هاتمە نەمسا، کە هاتمە ئێرە هەستم کرد ژیانێکی نوێ چاوەڕیم دەکات، ویستم بخوێنم و کار بکەم و فێری زمان ببم، هەروەها ویستم هونەری شێوەکاری فێربم، بەڵام راستییەکەی هەموو شتێک زۆر سەخت بوو، بۆیە لەسەرەتا هەوڵی فێربوونی زمانمدا و دواتر دەستم بە کارکردن کرد، پاشان خوێندنم تەواو کرد، نزیکەی پێنج شەش ساڵ بەردەوام بووم لە خوێندن تاوەکو ماستەرەکەم لە بواری هونەرە جوانەکان تەواو کرد لە کۆلێژی ڤیکتۆریا".
لەبارەی چالاکی و پێشانگە شێوکارییەکانی دەڵێت: "لەو چوار ساڵەی کۆتاییدا وەکو مامۆستا لە نەمسا کارم کردووە، مامۆستای وێنە و مامۆستای زمانی ئینگلیزیم، هەروەها تابلۆ دروست دەکەم، تابلۆکانم لە زۆر شوێن نمایشکرد؛ لە گەلەرییەکان و پێشانگە و تەنانەت لە مۆزەخانەکانی نەمساش. پێشانگەیەکی تابلۆکانم لە تیرۆڵ کردەوە، دانەیەکیشم لە ڤییەنا، هەروەها لە شاری لینزیش چەندین پێشانگەم کردەوە، لە ئەڵمانیاش بەشداریم کردووە، جارێکیش چووم بۆ چیک وەکو هونەرمەندێک بە تابلۆکانم بەشدارییم کرد".
لەبارەی ژیانی ئێستای دەڵێت: "من ئێستا نێردراوی وڵاتەکەمم (نەمسا) بۆ هەندێک وڵات بۆ ماوەی مانگێک یان زیاتر لەوێ دەمێنمەوە و کارەکانم نمایش دەکەم".
لەبارەی دەستکەوت و خەڵاتەکانی دەڵێت: "لە نەمسا دوو خەڵاتم وەرگرتووە، یەکێکیان لە ساڵی 2020 و ئەوەی دیکەیان لە 2022 بوو کە خەڵاتی فێی لایگەر بوو، کە پڕۆژەی ماستەرەکەم بوو لە سەر هاتنی خۆم بوو لە سووریاوە بۆ نەمسا، هەروەها خەڵاتێکی دیکەم بەدەستهێنا لەسەر دۆزی شەنگال لە 2022، زۆر باش بوو، راستییەکەی خەڵاتێکی بێ وێنە بوو، خەڵاتێکی زۆر بەنرخ بوو بۆ من".
ئەو هونەرمەندە کوردە جگە لە کارە هونەرییەکانی، کتێبێکی لەبارەی کۆچبەرییەوە هەیە و دەڵێت: "کتێبێکم نووسی لەبارەی ئەوەی کە خەڵکی بۆچی وڵاتی خۆیان بەجێدەهێڵن و ژیانی کۆچبەری هەڵدەبژێرن، هەروەها باسی مێژووی ئەوان دەکەم، ئەمە ئەو کارەیە کە لە کتێبەکەمدا باسم کردووە و لە سێ بەش پێکهاتووە، هەروەها باسی کارەکانی خۆشم دەکەم، چۆن هاتووم بۆ نەمسا هەموویانم بە زمانی ئینگلیزی نووسیوە".
هەروەها دەڵێت: "ماوەی دوو ساڵە دەستمان کردووە بە کۆکردنەوەی زانیاری لەبارەی ئەم پڕۆژەیە، کەتەلۆکێکمان دروستکرد و چاوپێکەوتنمان لەگەڵ هەندێک کەس کرد و بابەتێکمان لەبارەی هەڵەبجە نووسی، هەروەها باسی هۆکارەکانی کوشتنی خەڵکیمان کرد لەوێ و باسی کارەساتی مەتاوزنمان کرد کە پێش هەشتا ساڵ بە هەزاران کەس بوونە قوربانی. ئەگەر شوێنێکی ئاوا خەمناک دەبینم، هەڵەبجەم بیردەکەوێتەوە. بۆچی ئێرە و هەڵەبجە، هەڵەبجە قوربانی چەکی کیمیاییە، ئێمە هەمیشە باسی مێژووی هەڵەبجەمان کردووە".
ئەو هەرمەندە کوردە باس لە هەوڵەکانی دەکات بۆ ناساندنی کارەساتەکانی بەسەر کورد هاتووە و دەڵێت: "من لە دایکبووی ساڵی 1988ـم، واتە بە ماوەی چەند مانگێک بەر لەدایکبوونم کارەساتی هەڵەبجە روویداوە، تێیدا بە هەزاران کەس لە پیر و لاو ژن و منداڵ گیانیان لەدەستدا بەبێ هیچ گوناهێک. بۆ ئێمە زۆر گرنگ بوو هونەرمەندێک بناسین کە خۆی بناسێنێت و باسی ئەو بیرەوەرییانەمان بۆ بکات کە بیری نوێمان پێ دەبەخشێت، ئێمە زیاتر یەکترمان ناسی، پاشان پێکەوە پلانمان دانا بۆ ئەنجامدانی پێشانگایەک، لە سەرەتادا بیرۆکەمان هەبوو، پاشان بیرۆکەکە بوو بە شتێکی راستەقینە، دوای ئەوە پێشانگایەکمان لە ساڵی 2025 کردەوە، بەم شێوەیە ئێمە لە لایەکەوە هونەرمەندێک وەکو مرۆڤ ناسی و لە لایەکی دیکەشەوە هونەرمەندێک وەکو هونەرمەند ناسی".