ئیسلام زاخۆیی ناکۆکی نێوان دوو خۆشەویست دەکاتە گۆرانی
رووداو دیجیتاڵ
هونەرمەند ئیسلام زاخۆیی، نوێترین ڤیدیۆکلیپی بە ناونیشانی "تە هاش من نینە" بڵاوکردەوە، ناوەڕۆکی باس لە چیرۆکێکی خۆشەویستی و ناکۆکیی نێوان دوو خۆشەویست دەکات.
لە ڤیدیۆ کلیپەکەدا، کە لە دەرهێنانی راجیف غاندییە، ئیسلام زاخۆیی خۆی وەک ئەکتەرێک لە چیرۆکی بەرهەمەکەدا بەشدارە. چیرۆکی کلیپەکە بە گەرمی دەستپێدەکات و ساتە رۆمانسییەکان پێشان دەدات، دواتر بەهۆی ناکۆکی و لە یەکدی تێنەگەیشتنەوە بەرەو ئاڵۆزی و جیابوونەوە دەچێت. دیمەنەکان لە نێوان یادگارییە شیرینەکان و راستییەکی تاڵدا دەگۆڕدرێن.
ئیسلام زاخۆیی، بە رووداوی راگەیاند، گۆرانییەکەی لە تۆن ستۆدیۆ لە دهۆک تۆمارکردووە و هونەرمەند محەممەد زەکی کاری میوزیکی بۆ کردووە، ڤیدیۆکلیپەکەی لە زاخۆ و ئەڵمانیا وێنەگیراوە. هیوای ئەوە دەخوازێت بەرهەمە نوێیەکەی بە دڵی هەوادارانی بێت کە ئێستا لە یوتیوب و پلاتفۆڕمە دیجیتاڵییەکانی دیکە بەردەستە.
گۆرانیی "تە هاش من نینە" لە تێکست و ئاوازی شامل بریفکانییە. کاری دابەشکردنی میوزیکی لەلایەن گۆکسەل کامجی ئەنجام دراوە.
مەهدی نووری وەک تۆن ماستەر و محەممەد زەکی بۆ کاری میکس و ماستەرینگ کاریان بۆ بەرهەمەکە کردووە.
ئیسلام زاخۆیی یەکێک لە هونەرمەندە دیارەکانی کوردستانە و خەڵکی زاخۆی باشووری کوردستانە، خاوەنی چەندین ئەلبووم و ڤیدیۆکلیپە، ئێستا لە ئەڵمانیا دەژی و بۆ کاری هونەری بەردەوام سەردانی کوردستان دەکات.