سەیران عوسمان: عەزیز وەیسی شوێنی باوکمی بۆ پڕکردوومەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
هونەرمەند سەیران عوسمان، بەر لە سازکردنی کۆنسێرتەکەی لە شاری زاخۆ، باس لە پەیوەندییە نزیکەکەی لەگەڵ هونەرمەند عەزیز وەیسی دەکات و دەڵێت: ئەو تەنیا خەزوورم نییە، بەڵکو وەک باوکم وایە.
سەیران عوسمان، بۆ رووداو دڵخۆشی خۆی پێشاندا کە بۆ یەکەمجار لە زاخۆ کۆنسێرت ساز دەکات و دەڵێت: "هەرچەندە کەشوهەوا زۆر ساردە و چەندین پارچە جلم لەبەرکردووە، بەڵام گەرموگوڕی خەڵک و شوێنەکە هەموو شتێکی بیر بردوینەتەوە".
لەبارەی پەیوەندیی لەگەڵ هونەرمەند عەزیز وەیسی، کە هاوکات خەزووریەتی، سەیران عوسمان بە سۆزەوە گوتی: "من و کاک عەزیز زۆر لە یەکدی نزیکین، ئەو شوێنی باوکمی بۆ پڕکردوومەتەوە. تەنیا بۆ کاری هونەری پێکەوە نین، بەڵکو لە ژیانی تایبەتیشدا بەردەوام وەک یەک خێزانین، زۆرتر وەک باوک و کچ پێکەوەین نەک تەنیا بۆ کاری هونەری و هەڵپەڕکێ".
سەیران ئاماژەی بەوەشکرد، عەزیز وەیسی رۆڵێکی سەرەکی لە کارە هونەرییەکانیدا دەگێڕێت و دوێتی نوێی لەگەڵدا دەبێت و بەرهەمێکیشی بۆ نەورۆز ئامادە دەکات، بە پێکەنینەوە گوتیشی: "کلیپکردن لەگەڵی ئەوەندە خۆشە و خەرجیی لەسەر من نییە، لە کۆتاییشدا دەڵێم کاکە لە یوتیوبی خۆم دایبنێم؟ ئێستا وا رێککەوتووین، کلیپێک بۆ یوتیوبەکەی من بێت و یەکێکیان بۆ ئەو بێت".
لەبارەی گوتنەوەی گۆرانیی شاد و هەڵپەڕکێئامێز جەختی کردەوە: "حەز ناکەم گۆرانی خەمگین بڵێم، دەمەوێت هەمووان پێکەوە هەڵپەڕین و کاتێکی خۆش بەسەر ببەین".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەیران عوسمان بەراوردی کوڕەکەی و خەزووری کرد و گوتی: "زۆر لە باپیری دەچێت، چونکە بەردەوام حەزی لە هەڵپەڕینە و یەک چرکە دانانیشێت، وەک باپیری پڕ لە وزەیە و ئەکتیڤە". روونیشیکردەوە "کوڕەکەم ئەوەندە هیلاکی کردووم، نابینی چەند لاواز و داماوم".
بۆ پێشوازیکردن لە ساڵی نوێ، ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، زنجیرە کۆنسێرتێک لە کۆرنیشی شارەکە سازدەکات و تاوەکو ئێستا ژمارەیەکی بەرچا لە هونەرمەندانی چوار پارچەی کوردستان بەشداربوونە. بەگوێرەی ئامارەکانی گەشتوگوزاری زاخۆ، پێشبینی دەکرێت ژمارەی گەشتیاران لەمساڵدا بگاتە یەک ملیۆن گەشتیار، کە ئەمەش ریکۆردێکی نوێیە بۆ ئەو شارە.