ئەکادیمیای ئۆسکار: ئەکتەر و نووسەرانی ژیریی دەستکرد مافیان نییە خەڵات ببنەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەکادیمیای هونەر و زانستەکانی سینەما کە بەرپرسە لە دابەشکردنی خەڵاتەکانی ئۆسکار، بڕیارێکی دەرکرد بۆ سنووردارکردنی بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد لە بەرهەمهێنانی فیلمەکاندا.
 
بڕیارەکان بەم شێوەیەی خوارەوەن:
 
لە خەڵاتەکانی تایبەت بە نواندن، تەنیا "مرۆڤی راستەقینە" دەتوانێت کێبڕکێ لەسەر خەڵاتی ئۆسکار بکات، واتە ئەگەر ئەکتەرێک بە کۆمپیوتەر و ژیریی دەستکرد دروستکرابێت، بە هیچ شێوەیەک خەڵات وەرناگیرێ. هەروەها دەبێت ئەکتەرە مرۆڤەکە بە رەزامەندیی خۆی رۆڵەکەی بگێڕێ و ناوی لە لیستی فەرمیی فیلمەکەدا هەبێت.
 
لە خەڵاتەکانی تایبەت بە نووسین و سیناریۆ، مەرجە چیرۆکی فیلمەکە لەلایەن مرۆڤەوە نووسرابێت. بە هیچ جۆرێک ئەو سیناریۆیانە وەرناگیرێن کە لەلایەن چاتبۆتەکان و بەرنامەکانی ژیریی دەستکردەوە دەنووسرێن.
 
ئەم بڕیارەی ئەکادیمیاکە تەنیا چەند رۆژێک دوای رووداوێکی سەرنجڕاکێش دێت، کاتێک لە کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە خاوەن سینەماکان، ڤێرژنێکی ژیریی دەستکردی ئەکتەری کۆچکردوو ڤال کیلمەر - پاڵەوانی فیلمی Top Gunپیشاندرا. ئەمەش رێک ساڵێک دوای ئەوەی کە ئەو ئەکتەرە لە ژیانی راستەقینەدا کۆچی دوایی کرد، بۆیە ئەکادیمیاکە مەترسیی هەست پێکردووە و ئەم رێکارانەی گرتووەتەبەر.