شیریهان: ویستم کراسێک بپۆشم شایستەی شارستانیەتی میسر بێت
رووداو دیجیتاڵ
شیریهان، ئەکتەری دیاری میسر، باسی دەرکەوتنە سەرنجڕاکێشەکەی لە رێوڕەسمی کردنەوەی مۆزەخانەی گەورەی میسر دەکات و خۆشحاڵی و شانازیی خۆی بە پۆشینی کراسێک لە دیزاینی ئیلی سەعب، دیزاینەری لوبنانی دەربڕی، جەختیشی کردەوە، ئەوە باشترین هەڵبژاردن بووە بۆ بۆنەیەکی وا ناوازە کە نوێنەرایەتیی شارستانیەتی دێرینی میسر دەکات.
شیریهان لە رێگەی میدیاکانی میسر جەختی لەوەش کردەوە، سوور بووە لەسەر ئەوەی دیزاینی کراسەکە لەو بەردانەوە وەرگیرابێت کە میسرییە کۆنەکان بۆ دروستکردنی هەرەم و پەرستگاکان بەکاریان هێناوە و گوتی: "پێم گوت پێکەوە پێویستە هێڵێک لەسەر بەردێک هەڵکۆڵین کە ئەگەر لە تەنیشت بەردە میسرییەکانەوە دابنرێت، شایستەیان بێت. قوماشەکەش دەستبەجێ لە ئیتاڵیا بە نەخشی فیرعەونی و لەلایەن ژمارەیەکی زۆر کارمەندەوە نەخشێندرا".
رێوڕەسمەکە بە ئامادەبوونی عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر و 79 شاندی فەرمی بەڕێوەچوو، 39 شاندیان لەلایەن پاشا و میر و سەرۆکی وڵاتان و حکومەتەکانەوە سەرۆکایەتی دەکران، ئەمەش رەنگدانەوەی گرنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە بە شارستانیەتی میسر و رۆڵی کولتووری و مرۆیی ناوازەی.
مۆزەخانەی گەورەی میسر بە گەورەترین مۆزەخانەی جیهان دادەنرێت کە تایبەتە بە یەک شارستانیەت و زیاتر لە 100 هەزار پارچە شوێنەواری لەخۆدەگرێت، دیارترینیان کۆمەڵەی تەواوی پاشای زێڕین توت عەنخ ئاموونە کە بۆ یەکەمجارە پێکەوە نمایش دەکرێن، بەمەش دەبێتە شوێنەوارێکی جیهانیی شایستەی گەورەیی میسر و شارستانیەتەکەی.