خەڵاتەکانی ئۆسکار؛ "ئانۆرا" باشترین فیلمە و بۆ یەکەمجار بەرهەمێکی بەرازیلی خەڵاتی بردەوە
رووداو دیجیتاڵ
رێوڕەسمی 97ـەمین خوولی دابەشکردنی خەڵاتەکانی ئۆسکار ئەمڕۆ لە هۆڵی دۆڵبی لە شاری لۆس ئەنجلسی ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا بەڕێوەچوو، بۆ ئەوەی رێز لە سەرکەوتنە هەرە دیارەکانی ساڵی رابردووی بواری سینەما بگیرێت.
گرنگترین خەڵاتی رێوڕەسمەکە، کە خەڵاتی باشترین فیلمە، بە فیلمی ئانۆرا درا، کە لەلایەن شۆن بەیکەرەوە دەرهێندراوە.
سەرکەوتنی فیلمەکە چوار خەڵاتی دیکەشی بۆ مسۆگەر کردن. بەیکەر وەکو باشترین دەرهێنەر و میکی مادیسۆن وەکو باشترین خانمە ئەکتەر لە هەمان فیلمدا خەڵاتی ئۆسکاریان بردەوە؛هەروەها فیلمەکە خەڵاتەکانی باشترین سیناریۆی رەسەن و باشترین مۆنتاژیشی بردنەوە.
خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاو بە ئەدریان برۆدی درا لە بەرامبەر ئەو ئاستەی لە فیلمی The Brutalistدا نواندوویەتی.
هەروەها کیران کوڵکین وەکو باشترین ئەکتەری پاڵپشت لە فیلمی A Real Pain و زۆوی سالدانیا وەکو باشترین خانمە ئەکتەری پاڵپشت لە فیلمی Emilia Pérez خەڵاتی ئۆسکاریان پێدرا.
فیلمی بەرازیلی، I'm Still Here، خەڵاتی باشترین فیلمی نێودەوڵەتیی بردەوە، کە ئەوە بووە یەکەمین خەڵاتی ئۆسکار لە مێژوودا بە بەرهەمێکی بەرازیلی بدرێت.
هەروەها ئەنیمەیشنی لاتیڤیایی، Flow وەکو باشترین فیلمی ئەنیمەیشنی درێژ، خەڵاتی ئۆسکاری بەدەستهێنا.