پیشاندانی فیلمی 'هیچ' لە سینەماکانی باشووری کوردستان دەستپێدەکات
رووداو دیجیتاڵ
پیشاندانی تایبەتی فیلمی سینەمایی "هیچ" لە هەولێر دەستیپێکرد. ئەکتەرێکی سەرەکیی فیلمەکە دەڵێت: ''بە شێوەیەکی جیاواز کاری بۆ کراوە و کۆمەڵێک فاکتەری جوان لە فیلمەکانی دیکە جیای دەکەنەوە.''
ئەمڕۆ چوارشەممە 04-06-2025، لە هەولێر بە ئامادەبوونی دەرهێنەر، نووسەر و سەرجەم ئەکتەرەکانی، پیشاندانی تایبەت بۆ فیلمی سینەمایی "هیچ" دەکرێت. محەممەد شێروانی، یەکێک لە ئەکتەرە سەرەکییەکانی فیلمەکە قسەی بۆ پەیام سەربەست، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو کرد و گوتی: ''رۆژانی دواتر لە سلێمانیش نمایش دەکرێت.''
بەگوتەی محەممەد شێروانی، فیلمە سینەماییەکە پەیامی جیاوازی تێدایە و بە شێوەیەکی جیاواز کاری بۆ کراوە و گوتی: ''سیناریۆکە لای من زۆر جوان بوو؛ کاتێک خوێندمەوە، زانیم یەک لەو سیناریۆیانەیە کە دوای چەندین ساڵ حەزم لە نواندنە تێیدا.''
ستافی فیلمەکە نزیکەی سێ مانگ سەرقاڵی ئامادەکاری و وێنەگرتنی فیلمەکە بوون. ئەو ئەکتەرە ئاماژەی بەوە کرد: ''بەهۆی ئەو گرێ جوانانەی لە سیناریۆکەدا هەن، بینەر بە دوو جار و سێ جار لە بینینی فیلمی هیچ تێر نابێت. کۆمەڵێک فاکتەری جوان لە فیلمەکانی دیکەی جیا دەکەنەوە.''
محەممەد شێروانی خەڵکی هەولێرە، بەڵام لە فیلمەکەدا رۆڵی شۆفێری تاکسییەکی دانیشتووی سلێمانی دەگێڕێت. ئەو ئەکتەرە گوتی: ''شێوەزاری سلێمانی بۆ من قورس بوو، بەڵام نزیکەی 10 بۆ 15 رۆژ چوومە سلێمانی بۆ ئەوەی لەگەڵ خەڵکی ئەو شارە زیاتر ئاشنا بم؛ پێم وایە ئەمە بەشێک لە سەرکەوتنی من بوو لە کارەکەمدا.''
فیلمەکە ماوەکەی یەک کاژێر و 47 خولەکە، بەرهەمی کەڤاڵ پڕۆدەکشەنە و شەیما فاتیح بەرهەمهێنەریەتی. تۆڕی میدیایی رووداو، سپۆنسەری میدیایی پیشاندانی فیلمەکەیە.
پێشاندانی گشتیی فیلمی "هیچ" لە یەکەم رۆژی جەژنی قوربان (6ـی حوزەیرانی 2025) لە سینەمای ئێمپایەری هەولێر، ستی سینەمای سلێمانی، سینەما ماکسی دهۆک مۆڵ، هۆڵی سەنتەری رۆشنبیریی کەرکووک و سینەمای شین لە سۆران دەستپێدەکات و رۆژانی دواتریش بەردەوام دەبێت.
"هیچ" باس لە بەسەرهاتی کۆڕێکی هەژار دەکات بە ناوی هەردی کە شۆفێری تاکسییە. هەردی بە رێکەوت لەگەڵ ژنێک بەناوی بەهار ئاشنا دەبێ و بەهۆی ئاشنایەتییەکەوە تێدەگات کە هاوژینی بەهار پێویستی بە گورچیلەیە و نەخۆشە؛ هەردی ئامادەیی دەردەبڕێ گورچیلەی خۆی بداتە هاوژینی بەهار، دوای نەشتەرگەری و بەخشینی گورچیلەیەکی چیرۆکێکی نەبیستراو ئاشکرا دەبێت.