رۆژی جلوبەرگی کولتووریی کوردی ئێزدی لە شنگال بەڕێوەچوو


رووداو دیجیتاڵ

رۆژێکی تایبەت بۆ نمایشکردنی جلوبەرگی کولتووریی کوردی ئێزدی لە حەوت وڵات، لە مەزارگەی شەرفەدین لە شنگال بەڕێوەچوو. چالاکییەکە دوای پێنج ساڵ لە بەڕێوەچوونی لە پەرستگەی لالش، بۆ یەکەمجارە لە شنگال سازدەکرێتەوە، ئەمەش دوای گەڕانەوەی خەڵکە بۆ ناوچەکەیان.
 
چالاکییەکە لەلایەن گرووپێکی خۆبەخشی گەنجانی شنگالەوە سەرپەرشتی کرا، تێیدا جلوبەرگی نەریتی کوردی ئێزدی لە حەوت وڵاتی جیاواز نمایشکران، ئەمەش وەک رێگەیەک بۆ پاراستن و ناساندنی زیاتری کولتوور و ناسنامەی ئێزدی.
 
ئەمینە عاسی، ئەندامی گرووپی (خزمەتکردنی خاتوو فەخرا) بە جلوبەرگی کەلتووریی کوردی ئێزدیی باتمانی باکووری کوردستان؛ بەشداریی چالاکییەکەی کرد و گوتی: "ئەمڕۆ رۆژی جلوبەرگی ئێزدییە، پێنج ساڵ بوو لە لالش بەڕێوە دەچوو، کچ و کوڕانی ئێزدی جلوبەرگی ئێزدییان لە لالش دەپۆشی. ئەمڕۆ مەبەستمانە کچ و کوڕەکانی ئێمەی ئێزدی جلوبەرگی ئێزدی بپۆشن. هەروەها ئەمڕۆ لە جیهاندا کار بۆ ئەوە دەکرێت ناسنامەی ئێزدی ون نەبێت".
 
چنار جردۆ، ئەندامی گرووپی (خزمەتکردنی خاتوو فەخرا)، باسی لە گرنگی ئەم بۆنەیە کرد و ئاماژەی بەوەدا: "هاتینە ئەم شوێنە پیرۆزە بۆ نیشاندانی جلوبەرگە نەریتییەکانمان کە لە حەوت دەوڵەت پێکدێت، وەک دەوڵەتی عێراق، ناوچەکانی بەعشیق و بەحەزان، هەر ناوچەیەکی دیکە کە ئێزدی تێیدا بێت. ئەو جلوبەرگەی پۆشیوومە جلوبەرگی ئێزدییەکانی سوریایە، کە پێکدێت لە شاڵک، چەفیک، بەرمایلک و زەبون".
 
چالاکییەکە بۆ ماوەی پێنج ساڵ لە پەرستگەی لالش بەڕێوە دەچوو، بەڵام دوای گەڕانەوەی خەڵک بۆ ناوچە رزگارکراوەکانی شنگال، بڕیاردرا ئەمساڵ رۆژی جلوبەرگی ئێزدی لە شنگال بکرێت.
 
راکان بەرەکات، ئەندامی گرووپی (خزمەتکردنی خاتوو فەخرا)، ئاماژەی بەوەدا: "هەموو ساڵێک ئێمە لە لالش کۆدەبووینەوە لەو رۆژەدا جلوبەرگی ئێزدیی حەوت وڵاتمان نمایشکردووە. دوای ئەوەی خەڵکی شنگالمان گەڕایەوە، هاتین بۆ مەزارگەی شەرفەدین و لێرە نمایشمان کردن".
 
گرووپی (خزمەتکردنی خاتوو فەخرا) گرووپێکی خۆبەخشە و پێنج ساڵە لەلایەن کچێکی شنگالی دانیشتووی سوێد دامەزراوە، زیاتر لە 60 ئەندامی کچ و کوڕ هەیە.
 
رێوڕەسمەکە بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە کوری ئێزدی و میوانان لە پێکهاتە ئاینییەکانی دیکە، بە ئاهەنگ و میوزیک بەڕێوەچوو.